موجتەبا خامنەیی: ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران پارچەپارچە بکەن

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامێکی نووسراودا کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیەوە خوێندرایەوە، هێرشی توندی کردە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بە هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکڕیزیی ئێرانییەکان تۆمەتباری کردن.

پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامەکەیدا کە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی ئێران بڵاو کرایەوە، رایگەیاند: "پلانی کوێرانەی دوژمن، دوای جەنگە سەپێنراوەکە و فشارە ئابوورییەکان و گەمارۆ پڕوپاگەندەییەکان، بریتییە لە دروستکردنی دووبەرەکی و پارچەپارچەکردن، تاوەکو لەو رێگەیەوە قەرەبووی شکستە سەربازییەکانیان بکەنەوە و نەتەوەکەمان بهێننە سەر چۆک."

رێبەری نوێی ئێران لە پەیامەکەیدا داوای لە گەلی وڵاتەکەی کرد کە "تەبا و یەکگرتوو" بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی تەمەن، لەو کاتەوەی لە مانگی ئاداری رابردوو پۆستەکەی وەرگرتووە، هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی لەبەردەم جەماوەردا دەرنەکەوتووە.

موجتەبا خامنەیی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، رێبەری پێشووی ئێران، لە هێرشە ئاسمانییەکانی 28ـی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک رێبەری باڵا دەستنیشان کرا. ئەو هێرشانە بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەخت لە ناوچەکەدا کە تاوەکو ئێستاش کاریگەرییە گەورەکانی بەردەوامن.