ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی 60 رۆژە
ئەکسیۆس: بڕیاری کۆتایی لە دەستی ترەمپدایە
بەگوێرەی رەشنووسە نوێیەکەی ئەکسیۆس، ئێران بە وەرگرتنی رەزامەندیی سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکەی ئامادەیی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەربڕیوە، کە تێیدا پابەند دەبێت بە لادانی مینەکانی گەرووی هورمز و بەستنی دانوستان لەسەر پاشکۆی یۆرانیۆم لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان.
پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناوچەکە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ماوەی 60 رۆژ. ئەم یاداشتنامەیە ئامانج لێی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە.
بەپێی راپۆرتەکە، مەرجەکانی رێککەوتنەکە تاوەکو رۆژی سێشەممە بە تەواوی یەکلا بوونەتەوە. لایەنی ئێرانی بە دانوستانکارانی ئەمریکایان راگەیاندووە رەزامەندیی سەرکردایەتی باڵای وڵاتەکەیان وەرگرتووە و ئامادەن بۆ واژۆکردن. لە بەرانبەردا، کاتێک تیمی دانوستانکاری ئەمریکا وردەکارییەکانیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، ناوبراو رایگەیاندووە کە "چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو بیری لێ بکاتەوە" و هێشتا واژۆی نەکردووە.
ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، لە ناوەڕۆکی یاداشتنامە 60 رۆژییەکەدا هاتووە، دەبێت هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا "بێ بەربەست" بێت؛ ئەمەش بە واتای وەرنەگرتنی هیچ باجێک و دروستنەکردنی هیچ ئاستەنگێک دێت. هەروەها ئێران پابەند دەبێت بەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا تەواوی مینە دەریاییەکانی نێو تەنگەکە لابدات. لە بەرانبەردا، ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران لادەبات، بەڵام ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی هاوتەریب دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان.
باسی لەوەش کردووە، یاداشتنامەکە پابەندبوونی ئێران لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت. لە ماوەی ئەو 60 رۆژەدا، لایەنەکان دانوستان دەکەن لەسەر چۆنییەتی لەناوبردن یان رادەستکردنی پاشکۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی باڵای ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، واشنتنیش بەڵێنی داوە، وەک بەشێک لە دانوستانەکان، پرسی لادانی گەمارۆکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها باس لە دروستکردنی میکانیزمێک دەکرێت بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت کاڵا و هاوکارییە مرۆییەکان بە ئاسانی وەربگرێت.
ئەکسیۆس باسی لەوەش کرد، ئەم یاداشتنامەیە ئەگەر واژۆ بکرێت، بە گەورەترین وەرچەرخانی دیپلۆماسی دادەنرێت لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە. هەرچەندە ترەمپ و راوێژکارەکانی پێشتریش چەندین جار وایانزانیوە نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام ئەمجارە ئاماژەکان جددیترن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان لە ناوچەکەدا.
هەروەها دوێنێ چوارشەممە، بەپێی ئەو بەڵگەنامە نا فەرمییەی کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، چەند خاڵێکی سەرەکی وەک بنەمای رێککەوتنی "ئیسلامئاباد" دەستنیشان کراون؛ بەڵام کۆشکی سپی هەر زوو راپۆرتەکەی رەت کردەوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئاماژەی بە چەند خاڵێک دابوو لەوانە:
یەکەم: گەمارۆ و کشانەوەی سەربازی:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران. هەروەها واشنتن بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە، بەڵام هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەوە ماوە کە ئایا ئەمە تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە تازە هێنراونەتە ناوچەکە یان بنکە جێگیرەکانیش دەگرێتەوە.
دووەم: گەرووی هورمز و جووڵەی کەشتیوانی:
لە بەرانبەردا، ئێران پابەند دەبێت بەوەی لە ماوەی یەک مانگدا، ژمارەی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ بەرز بکاتەوە. رەشنووسەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ئاسانکارییانە تەنیا بۆ "کەشتییە بازرگانییەکانە" و کەشتییە جەنگییەکان ناگرێتەوە. هەروەها بەڕێوەبردنی رێڕەوەکانی کەشتیوانی بە هەماهەنگیی نێوان ئێران و عومان دەبێت.
سێیەم: گەرەنتی نێودەوڵەتی و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان:
هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە ئەگەر لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوا دەقی رێککەوتنەکە دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وەک "بڕیارنامەیەکی پابەندکەر" پەسەند دەکرێت تاوەکو گەرەنتی جێبەجێکردنی هەبێت.
چوارەم: مەرجی تاران بۆ جێبەجێکردن:
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، لایەنی ئێرانی جەختی کردووەتەوە کە "چوارچێوەی ئیسلام ئاباد" هێشتا کۆتایی نەهاتووە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێن تا ئەو کاتەی پابەندییەکانی ئەمریکا پشڕاست دەکرێنەوە.