رووسیا داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات رێگە نەدەن ناوچەکە بخزێتەوە نێو جەنگ
زاخارۆڤا: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا هەنگاوێکی پێویستە بۆ سەقامگیری
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە رێگە نەدەن ناوچەکە جارێکی دیکە بخزێتەوە نێو جەنگ. زاخارۆڤا هاوکات جەختی لە ئامادەباشیی "بەردەوام"ی هێزە ئەتۆمییەکانی رووسیا کردەوە و رەخنەی توندی لە هەڵوێستەکانی ئەرمینیا و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا گرت.
پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لەبارەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، داوای بەردەوامیی دیالۆگی کرد و رایگەیاند: "رووسیا ئامادەیە هاوکار بێت لە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران، بەڵام ئێمە ئەم پێشنیازە بەسەر کەسدا ناسەپێنین." ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن تا ئێستا ئەم پێشنیازەی رووسیای قبووڵ نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین مانگە لەسەر مێزی گفتوگۆیە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دڵنیایی دا کە سیستەمی بەرگریی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە هەر کات و ساتێکدا بێت "گرەنتی کراوە". گوتیشی: "هێزە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی ئێمە لە دۆخی ئامادەباشیی بەردەوامدان بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێک کە وەریبگرن."
زاخارۆڤا نیگەرانیی قووڵی مۆسکۆی دەربڕی بەرانبەر بە نزیکبوونەوەی ئەرمینیا لە ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا. هەروەها رەخنەی لە حکوومەتی یەریڤان گرت بەهۆی رەت کردنەوەی ناوی چەند چاودێرێکی رووسی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران و گوتی: "مۆسکۆ ناچارە لە داهاتوودا ئەم رەفتارانەی ئەرمینیا لەبەرچاو بگرێت." زاخارۆڤا یەریڤانی تۆمەتبار کرد بەوەی رێگە بۆ پڕوپاگەندەی دژە رووسیی رۆژئاوا خۆش دەکات.
رووسیا رایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی ئەو درۆنانەی لە ئاسمانی وڵاتانی ناتۆوە هێرش دەکەنە سەر خاکی رووسیا، خراوەتە ناو پلانە سەربازییەکانیانەوە. زاخارۆڤا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەوروپا بە هەنگاوێکی پێویست بۆ سەقامگیری ناوبرد و رەخنەی لە جێگیرکردنی هێزی زیاتری ئەمریکا لە پۆڵەندا گرت کە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سنوورەکانی رووسیاوە دوورن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زاخارۆڤا هێرشی توندی کردە سەر رێکخراوی یونێسکۆ و بێدەنگیی ئەو رێکخراوەی بەرانبەر بۆردومانکردنی کۆلێژێکی پیشەیی لە ناوچەی ستارۆبێلسک بە "کەمتەرخەمییەکی تاوانکاری" وەسف کرد. مۆسکۆ دەڵێت ئۆکرانیا بە ئەنقەست ناوەندە پەروەردەییەکانی کردووەتە ئامانج و جیهان لە ئاستی بێدەنگە.