ترەمپ داوای کردنەوەی بێ مەرجی گەرووی هورمز دەکات
سەرۆکی ئەمریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و لەناوبردنی پاشماوە ئەتۆمییەکانی تارانی راگەیاند.
هەینی، 29ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروث دەقی ئەو مەرج و بنەمایانەی بڵاو کردەوە کە پێویستە لەگەڵ ئێراندا لەسەری رێکبکەون، بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بهێنرێت.
لە پەیامەکەیدا، ترەمپ بە توندی جەختی لەسەر پرسی ئەتۆمی کردەوە و رایگەیاند: "پێویستە ئێران بەوە رازی بێت کە هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی و جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سەرۆکی ئەمریکا مەرجی ئەوەی داناوە کە گەرووی هورمز دەبێت دەستبەجێ بکرێتەوە بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێک، تاوەکوو هاتوچۆی کەشتییەکان لە هەردوو ئاراستەکەدا بەبێ کۆتوبەند دەست پێبکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ باسی لە پرسی مینە دەریاییەکان کرد و ئاشکرای کرد: "سەرجەم مینە دەریاییەکان ئەگەر مابن لەنێو دەبرێن، ئێمە لە رێگەی کەشتییە پێشکەوتووەکانی کێوماڵی مینەوە، ژمارەیەکی زۆرمان لەو مینانە تەقاندووەتەوە".
هاوکات داواشی لە ئێران کرد کە دەستبەجێ پڕۆسەی لابردن یان تەقاندنەوەی ئەو مینانە تەواو بکات کە ماونەتەوە، کە بە وتەی ئەو "ژمارەیان زۆر نابێت."
ترەمپ مژدەی کۆتاییهێنان بە گەمارۆ دەریاییەکانیشی دا و رایگەیاند: کە ئەو کەشتییانەی بەهۆی "گەمارۆ دەریاییە بێوێنە و سەرسوڕهێنەرەکەی ئێمەوە لە گەرووەکەدا گیریان خواردبوو، کە ئێستا هەڵدەگیرێت، دەتوانن دەست بە پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بکەن"
سەبارەت بە پاشماوە ئەتۆمییەکان، سەرۆکی ئەمریکا زانیارییەکی هەستیاری ئاشکرا کرد و ئاماژەی بە ماددە پیتێندراوەکان کرد کە هەندێک جار بە "تۆزی ئەتۆمی" ناویان دەبرێت. ئەو روونیکردەوە کە ئەم ماددانە لە قووڵایی زەویدا و لەژێر ئەو چیایانەدا نێژراون کە بەهۆی هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی (B-2)ی ئەمریکاوە لە 11 مانگی رابردوودا بەسەریدا داڕووخان.
ترەمپ لەم بارەیەوە گوتی: "ئەمریکا بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەو پاشماوانە دەردەهێنێتەوە و لەناوی دەبات."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە تا کاتێکی نادیار هیچ بڕە پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێت، هەرچەندە رێککەوتن لەسەر چەند بڕگەیەکی بابەتەکانی دیکە کە گرنگییەکی زۆر کەمتریان هەیە کراوە.
وەک ئاماژەیەکیش بۆ یەکلاکردنەوەی پڕۆسەکە، ترەمپ دەڵێت: "ئێستا دەچمە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان (Situation Room) بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەم. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم پرسە!"