رووداوێکی دڵتەزێن لە سەڵاحەددین؛ هەشت کەسی یەک خێزان لە رووباری دیجلە خنکان
گەشتێکی خێزانی بۆ کەنارەکانی رووباری دیجلە لە پارێزگای سەڵاحەددین، کۆتاییەکی کارەساتباری لێ کەوتەوە. کاتێک هەوڵدان بۆ رزگارکردنی منداڵێکی خنکاو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت ئەندامی دیکەی هەمان خێزان، تا ئێستاش گەڕان بە دوای یەکێک لە تەرمەکاندا بەردەوامە.
هەینی، 29ـی ئایاری 2026، خێزانێک کە لە 10 کەس پێکهاتبوون و بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خێزانی و سەردانیکردنی خزمانیان، لە شاری بەغداوە روویان لە گوندی "مەحزەم" لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین کردبوو. لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە کەناراوەکانی رووباری دیجلە بە مەبەستی گەشتوسەیران، کارەساتەکە دەستی پێکرد.
لای خۆیەوە کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەددین، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "تراجیدیاکە لەو ساتەدا دەستی پێکرد کە یەکێک لە منداڵەکانی ئەو خێزانە لە کاتی یاریکردندا دەکەوێتە ناو رووبارەکەوە، بەهۆی شڵەژان و سۆزی خێزانییەوە بۆ رزگارکردنی گیانی منداڵەکە، ئەندامانی دیکەی خانەوادەکە یەک لەدوای یەک خۆیان دەخەنە ناو ئاوەکەوە، بەڵام بەهۆی قووڵیی ئاوەکە، سەرجەمیان کە ژمارەیان حەوت کەس بووە، لەگەڵ منداڵەکەدا دەخنکێن."
سەبارەت بە هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن، شێخانی ئاماژەی بەوە دا، کە دەستبەجێ پاش رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس، فریاگوزاری و مەلەوانانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست. تا ئێستا تیمەکان توانیویانە تەرمی حەوت کەس لە قوربانییەکان لە ئاوەکە دەربهێنن، و پرۆسەی کێوماڵکردنی ناوچەکەش بە چڕی بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی هەشتەمین قوربانیی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە.