روبیۆ: تۆم بەڕاک سەرپەرشتی دۆسیەکانی سووریا و عێراق دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ باڵیۆز تۆم باراک بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی و سەرکردانە لە دۆسیەکانی سووریا و عێراق لە چوارچێوەی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد تڕەمپدا، سەرەڕای ئەوەی ئەرکەکەی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆتایی هاتووە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد: "باڵیۆز تۆم بەڕاک وەک نێردەی تایبەتمان بۆ سووریا رۆڵێکی بێ وێنەی گێڕاوە." گوتیشی: "هەرچەندە ئەرکی نێردەی تایبەت کۆتایی دێت، بەڵام ئەو لە ئیدارەی تڕەمپدا بەردەوام دەبێت لە سەرکردایەتیکردنی دۆسیەکانی سووریا و عێراق؛ چونکە شارەزایی و پەیوەندییەکان و تێگەیشتنی بۆ ئەجێندای (ئەمریکا بۆ یەکەمجار - America First) دەستکەوتی گرنگ بۆ وڵاتەکەمان بەدەستدەهێنن."

تۆم بەڕاک، پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە تورکیا، لە ئایاری 2025دا ئەرکی نێردەی تایبەتی سووریای پێسپێردرا. ئەمەش لە کاتێکدا بوو ئیدارەی تڕەمپ خەریکی داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی بوو بەرامبەر سووریا و هەوڵی هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشقی دەدا، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی هەژموونی تورکیا لەو ناوچەیەدا.

بەڕاک لە ماوەی رابردوودا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا دەرکەوت، ئەمەش دوای دەستبەکاربوونی مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت بۆ کاروباری عێراق رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە.