وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ ئێران: یان رێككەوتن یان دووبارە هێرشکردنەوە

وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن. 

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە سەنگافورە رایگەیاند: "توانای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانمان هەیە ئەگەر پێویست بکات، ئێمە لەوە زیاتر توانامان هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگا سەربازییەکانیان چ لە ناوچەکە و چ لە جیهان زیاتر لە پێویستن و لە دۆخێکی زۆر باشدان.

وەزیری جەنگی ئەمریکا لە میانی گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی دیالۆگی شانگریلا جەختی کردەوە، ئەمریکا پشتی لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن نەکردووە، سەرەڕای تێوەگلانی لە ململانێ لەگەڵ ئێران. گوتیشی: "دەتوانین لە یەک کاتدا دوو کار ئەنجام بدەین. بنکەی پیشەسازی بەرگریمان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکەین، بەجۆرێک لە ئاییندەیەکی نزیکدا قەبارەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی دەبێتە دوو یان سێ و چوار هێندە، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هەموو پلانە ئۆپراسیۆنییەکانمان لە جیهاندا."

سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هێگسێت گوتی: دۆناڵد ترەمپ بە ئارامە و دەیەوێت رێککەوتنێکی گەورە واژۆ بکات کە دەستەبەری ئەوە بکات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند؛ کۆبوونەوەیەک لە "ژووری پارێزراوی کۆشکی سپی ئەنجام دەدات بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە پێشنیازی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران". پێشنیازەکە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی سەرەتای مانگی نیسان بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە لەخۆ دەگرێت، تاوەکو دەرفەت بە دانوستانکاران بدرێت بگەینە کۆتاییەکی هەمیشەیی بۆ ململانێکان.

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات دەستیان پێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لە ئێران، هەروەها قەیرانێکی ئابووریی جیهانی لێکەوتووەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.