هێگسێت: گەرووی هورمز بەبێ باجدان بە ئێران کراوە دەبێت

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: دەبێت سەرجەم کەشتییەکان بەو رێڕەوانەدا بڕۆن کە ئێران دیارییان دەکات

وەزیری جەنگەیی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە، کە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کراوە دەبێت و هیچ جۆرە باج و کرێیەک لە لایەن ئێرانەوە بەسەر کەشتییەکاندا ناسەپێندرێت.

شەممە، 30ـی ئایاری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی سەرجەم کەشتییەکاندا کراوە دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە باج و رسووماتێک لە لایەن ئێرانەوە بسەپێندرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەمە ئەو دۆخە سروشتییەیە کە پێویستە لە گەرووەکە هەبێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی مافی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا کە بەشێکی زۆری نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

لای خۆیەوە قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرجەم کەشتییەکان و نەوتهەڵگرەکان ناچارن بەو رێرەوە ئاوییانە هاتوچۆ بکەن کە لە لایەن ئێرانەوە دیاریی دەکرێن و دەبێت پابەند بن بە بڕیاری تاران.

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا مەرجێکی دیکەشی خستووەتە روو و روونیکردووەتەوە، کە "پێویستە تەواوی کەشتییەکان و نەوتهەڵگرەکان مۆڵەتی فەرمی بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەربگرن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەینی، 29ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان سەر تارانی دابوو و ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو کەشتییانەی بەهۆی "گەمارۆ دەریاییە بێوێنە و سەرسوڕهێنەرەکەی ئێمەوە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردبوو، کە ئێستا هەڵدەگیرێت، دەتوانن دەست بە پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بکەن".