ترەمپ بۆ ئێران: یان رێککەوتن یان بژاردەی سەربازی
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی باش لەگەڵ تاران، بەڵام جەختیشی کردەوە بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزەکە ماوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، بڵاوکرایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ململانێکان و گفتوگۆکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن. گوتیشی: "ئێمە نزیکین لە بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باش، بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە بە دڵی ئێمە نەبێت، جارێکی دیکە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و وەزارەتی جەنگ دەبەینەوە."
ترەمپ باسی لەوە کرد، ئەو هێشتا دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندترە، چونکە گەیشتن بە رێککەوتن دەبێتە هۆی کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجێکی نوێی بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "تەنیا کاتێک هێزەکانمان دەکشێنینەوە کە گەرووی هورمز بکرێتەوە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی چارەسەر بکرێت. دەبێت گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و رسوماتێک بکرێتەوە."
سەبارەت بە مەترسییەکانی تاران، ترەمپ جەختی کردەوە، "پێویستە بە شێوەیەکی هەمیشەیی رێگری لە ئێران بکرێت کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ ئاماژەی بە ستراتیژیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی هێواش و جێگیر ئەوەی دەمانەوێت لە ئێرانییەکان وەری دەگرین، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە کارەکان نەڕۆنە پێش، ئەوا بە شێوازێکی تەواو جیاواز و توند کۆتایی بەو ململانێیە دەهێنین."
راشیگەیاند؛ رووبەڕووبوونەوەی ئێستا بە "سەرکەوتنێکی تەواو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" دادەنرێت. ئاماژەی بەوەش کرد ئەو رووداوانەی لە کاتی جەنگەکەی کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە روویان داوە، دەکرێت وەک گۆڕانکاری لە دەسەلاتی ئێراندا وەسف بکرێن.
ترەمپ گوتیشی: "ئێمە چەندین جار سەرکردایەتی ئێرانمان کردە ئامانج، ئەوانەشی لە سەرکردەکانیان ماونەتەوە، ئێستا عاقڵانەتر رەفتار دەکەن." هەروەها جەختی کردەوە، ئێران لە بارودۆخیکی زۆر خراپدایە و گوتی: "ئەوان خاوەنی سوپا نین، تەنیا شتێک کە هەیانە میدیای چەواشەکارە."
سەبارەت بە دانوستانەکان، ترەمپ دانی بەوەدا نا کە "ئەم کارە کاتی دەوێت، چونکە ئێرانییەکان دانوستانکارانی شارەزان"، بەڵام دووپاتی کردەوە ئەو پەلەی نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، تاران پێشتر رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پەرەپێنەدان و نەکڕینی چەکی ئەتۆمی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکاوە، ترەمپ مەرجەکانی رێککەوتنی توندتر کردووە و هەموارکردنەکانی بۆ تاران ناردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کێشە سەرەکییەکان، لەوانەش بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بۆ خولەکانی داهاتووی دانوستان دواخراون. هەروەها رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە لەسەر بنەمای "کۆتاییهێنان بە جەنگ لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز" داڕێژراوە.