ئێران کات و مەرجی بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی هەیە
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، جەختی کردەوە، ئەو یاداشتنامەی لێکگەیشتنەی لە نێوان واشنتن و تاران گفتوگۆی لەسەر کراوە، دەقەکەی لەسەر ئەوەیە کە لە ماوەی 60 رۆژدا 12 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت.
کۆشکی سپی، رۆژی چوارشەممە،راپۆرتێکی پێشووی دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رەتکردەوە، ئاماژەی بە بوونی رەشنووسی رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کردبوو کە پابەندبوونی واشنتن بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەخۆدەگرێت.
دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند: بەگوێرەی کۆپییەکی نافەرمی دەقەکە کە لە ژێر دانوستاندایە، ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە "پێدانی مافی دەستڕاگەیشتنی تەواوی ئێران بە 12 ملیار دۆلار لە داراییەکانی لە ماوەی 60 رۆژدا، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم پارانە بگوازرێنەوە و لە بانکەکانی ئەو وڵاتە یان ئەو وڵاتانەی ئێران دەیەوێت خەرج بکرێن، بەبێ هیچ سنووردارکردنێک".
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی رایگەیاندبوو "هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارە نابێت تا کاتێکی نادیار".
پرسی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەو دانوستانانەی کە ئێستا بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی رۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بەوە کرد، تاران هەوڵ دەدات بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار، "بەمەرجێک نیوەی دابین بکرێت هەر کە یاداشتنامەی لێکگەیشتنەکە راگەیەندرا".
هەروەها راپۆرتە میدیاییە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، داراییە بلۆککراوەکان لە دەرەوە نرخەکەیان لە نێوان 100 بۆ 123 ملیار دۆلاردایە.
تاران داوای دروستکردنی میکانیزمێکی روونیش دەکات بۆ گەرەنتی ئازادکردنی پارەی دیکە، بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی تەسنیم لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەم هەفتەیەدا گواستوویەتییەوە.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، تاران بە کردەیی دایخستووە لەو کاتەوەی جەنگ لە 28ـی شوباتدا هەڵگیرساوە، بەگوێرەی دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، پرۆتۆکۆلەکە دەڵێت "ئێران تاکە دەسەڵاتە بۆ دیاریکردنی سروشتی ئەو کەشتیانەی تێدەپەڕن، و هەر کەشتییەک بارەکەی بە هەڕەشە دابنرێت یان تێپەڕیت کۆتاییەکەی دوژمنی ئێران بێت. ئیتر رێگەی پێنادرێت رێڕەوە دیاریکراوەکان بەکاربهێنێت".