بێسێنت: بۆ یەکەمجارە ئێران سازش لەسەر نەبوونی چەکی ئەتۆمی دەکات

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری" پێکهاتەی دەسەڵاتی لە تاران گۆڕیوە؛ جەختی کردەوە ئێستا ئێران لە دۆخێکی وایە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر دەستبەرداربوون لە چەکی ئەتۆمی بکات.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیووز" رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری" (Economic Fury) تەنیا فشار نەبووە، بەڵکو پێکهاتەی دەسەڵاتی لە تاران گۆڕیوە. بێسێنت گوتی: "ئێمە دەسەڵاتمان نەگۆڕی، بەڵکو پێکهاتەکەیمان گۆڕی؛ گرووپی یەکەم و دووەمی سەرکردایەتییان نەماوە و ئێستا لەگەڵ گرووپی سێیەم مامەڵە دەکەین."

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی ئێران، بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە 50%ـی سوپای ئێران مووچەیان وەرنەگرتووە و هێزەکانی پۆلیس بنکەکانیان چۆڵ کردووە؛ گەمارۆی سەر بەندەرەکان و بەتایبەت دوورگەی "خارک" کە دەماری هەناردەی نەوتی ئێرانە، وڵاتەکەی بە تەواوی پەکخستووە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا چوار خاڵی سەرەکی وەک مەرجی بنەڕەتیی ئیدارەی ترەمپ بۆ هەر رێککەوتنێک و "تەواوکردنی ئەرکەکە" بەرانبەر بە ئێران دیاری کرد:

1. ئازادیی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز: کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە و گەڕانەوەی باری ئاسایی بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان.

2. کۆنتڕۆڵکردنی یۆرانیۆم: دەستبەسەرداگرتن یان نەهێشتنی هەموو ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لەبەردەستی ئێراندایە.

3. بنبڕکردنی چەکی ئەتۆمی: گەرەنتییەکی بێ مەرج کە ئێران چەکی ئەتۆمی دروست ناکات و نەشی کڕێت.

4. گۆڕینی ئێران بۆ وڵاتێکی ئاسایی: ناچارکردنی تاران بۆ ئەوەی دوای 47 ساڵ وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات و چیتر پشتیوانی گرووپە چەکدارەکان نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، بێسێنت دڵنیایی دا بە هاووڵاتییانی ئەمریکا کە نرخی سووتەمەنی و وزە بەرەو دابەزین دەچێت. هەروەها باسی لە پڕۆژەی "هەژماری ترەمپ" کرد بۆ منداڵان، کە تێیدا حکومەت بڕی 1000 دۆلار دەخاتە هەژماری هەر منداڵێکەوە کە لە سەردەمی ترەمپدا لە دایک دەبێت، بە مەبەستی فێرکردنی کاروباری دارایی و وەبەرهێنان.

سەبارەت بە دەنگۆی چاپکردنی دراوێکی نوێی 250 دۆلاری کە وێنەی دۆناڵد ترەمپی لەسەر بێت، وەزیری گەنجینە گوتی: "ئەمە پڕۆژەیاسایە لە کۆنگرێس و ئەگەر پەسەند بکرێت جێبەجێی دەکەین." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە زۆر گونجاوە چونکە ترەمپ لە 250ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمریکادا سەرۆکی وڵاتە.