حکوومەتی ئێران دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان رەتدەکاتەوە

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دۆخێکی سەختدایە و ئامادەیە گیانی خۆی فیدای گەلەکەی بکات، هاوکات داوای لە میدیاکان کرد راستییەکان بۆ خەڵک باس بکەن. هاوکات، ئەنجوومەنی زانیاری حکوومەت بە توندی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیانی رەتکردەوە و بە هەوڵێکی "دوژمنانە" بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی وەسفی کرد.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکی نوێدا جەختی لەسەر گرنگیی راستگۆیی لەگەڵ هاووڵاتییان کردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر دەمانەوێت رووبەڕووی سەختییەکان ببینەوە، دەبێت راستییەکان بۆ خەڵک باس بکەین تا ئاستی بەرگەگرتنیان بەرز بێتەوە. ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە سەختییەک و ئامادەین گیانمان فیدای خەڵکی وڵاتەکەمان بکەین."

پزیشکیان داوای لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن کرد کە کێشە ناوخۆییەکان بە راشکاوی باس بکەن و ئاماژەی بەوە کرد، بە رێنمایی رێبەری باڵا، دەبێت پرسی بەکارهێنانی وزە کۆنترۆڵ بکرێت. گوتیشی: "من بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەم؛ یان بە هێزەوە کارەکانمان دەکەین و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین، یان شەهید دەبین کە ئەوەش هەر سەرکەوتنێکی گەورەیە."

لەلایەکی دیکەوە، ئەلیاس حەزرەتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی حکوومەتی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیانی بە تەواوی رەتکردەوە و رایگەیاند: "سەرۆککۆمار بە هەموو توانایەوە خەریکی راپەڕاندنی کاروباری وڵات و خزمەتکردنی خەڵکە. ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە و پێشتریش چەندین جار رەتکراونەتەوە."

حەزرەتی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرچاوەی ئەم هەواڵانە "میدیا دەرەکییەکان و کەناڵە نەیارەکانن" و ئامانجیان دروستکردنی نائومێدی و درزخستنە ناو یەکڕیزیی نیشتمانییە. گوتیشی: "گەلی ئێران نیشانی داوە کە لە کاتە هەستیارەکاندا، فارغ لە جیاوازیی بیروڕا، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە پاڵ یەکتر دەوەستن و خەونی تێکدانی پەیوەندیی نێوان گەل و دەسەڵات نایەتە دی."

ئەم ئاڵۆزییە میدیایی و سیاسییانە لە کاتێکدایە کە ئێران لەژێر فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دایە و حکوومەت هەوڵ دەدات لە رێگەی گوتاری "خۆڕاگری و یەکڕیزی"یەوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات.