پزیشکیان: ئەمریکا و ئیسرائیل پڕۆسە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکەیان دووچاری ئاستەنگ کردووە

سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ئاسانکاری لە هاتووچۆی دەریایی و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز. پزیشکیان هاوکات ئەمریکا و ئیسرائیلی بە تێکدانی پڕۆسە دیپلۆماسییەکان و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم کەشتیوانی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد.

دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کردووە.

پزیشکیان رایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی هەمیشە دیپلۆماسی بە کاریگەرترین رێگە بۆ چارەسەری کێشەکان زانیوە، بەڵام "بەداخەوە لایەنەکانی وەک ئەمریکا بە پاشەکشە لە بەڵێنەکانیان و ئیسرائیل بە کارە ناسەقامگیرکەرەکانیان، پڕۆسە دیپلۆماسییەکانیان دووچاری ئاستەنگ کردووەتەوە."

پزیشکیان نیگەرانی قووڵی وڵاتەکەی نیشان دا بەرانبەر بە "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لە لوبنان" و بەردەوامیی ئاوارەیی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە. ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵپشتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخەکەن.

سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، سەرۆککۆماری ئێران بەڵێنی بە ژاپۆن دا، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ ئاسانکردنی جووڵەی کەشتییەکان و گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین رێگەی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ژاپۆن بە ئاسانی و بەبێ کێشە دابین بکرێت."

پزیشکیان جەختی کردەوە، ئێران ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئاسانکاری کەشتیوانی، بەڵام "کێشەی سەرەکی ئەو بەربەست و سنووردارکردنانەیە کە ئەمریکا دژ بە بازرگانی و کەشتیوانی ئێران سەپاندوویەتی." دووپاتی کردەوە، تاران هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی دەدات بۆ ئاسایی کردنەوەی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم رێڕەوە ستراتیژییە جیهانییە.