جەعفەر شێخ مستەفا: گرنگە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی بەسەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بکرێت

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، گرنگە پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆببنەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، کە هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەنگاوی گەورە دەنرێت.

ئەمرۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: پێویستە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتیی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ئەنجام بدرێن، چونکە ئەگەر لەژێر سەرپەرشتیی بەرێزیان نەبێت، قورسە مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزب بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت

لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، جەعفەر شێخ مستەفا گوتی "دەبوو زۆر لەمێژە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرابا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەکراوە. ئێستا دەستپێشخەرییەک هاتووەتە ئاراوە و داخوازی خەڵکیش ئەوەیە پارتی و یەکێتی بە زوویی ڕێکبکەون."

دەربارەی کاتی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتیی، جەختیشی کردەوە، کە تا ئێستا کاتی وردی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان هەردوو حزب دیاری نەکراوە، بەڵام گفتوگۆ بۆ دیاریکردنی کات و شوێن بەردەوامە و یەکێتی ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشان داوە، چونکە "نەبوونی یەکڕیزی دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان."

یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

تەوەرێکی دیکەی قسەکانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تایبەت بوو بە پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رایگەیاند"پێویستە هێزی پێشمەرگە هی هەموو خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکان بێت، نەک تەنیا هی حزبێک یان دووان، پرۆسەی یەکگرتنەوە هەنگاوی باشی بڕیوە و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی هێزەکان یەکبخرێنەوە و بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە."

هەروەها پشتگیری خۆشی بۆ پەیڕەوکردنی "سەربازیی زۆرەملێ" (ئیجباری) دەربڕی و بە کارێکی "زۆر باش" بۆ رێکخستنی تواناکانی لاوان و بەرگری نیشتمانی وەسف کرد.

مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

لەبارەی دۆخی ناوچەکە و هەڕەشەکان، جەعفەر شێخ مستەفا هۆشداری دا و گوتی "دوژمنانی کوردستان ئەگەر بۆیان بکرێت نینۆکەکانمان دەخۆن بۆ ئەوەی سەرمان نەخورێنین؛ ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم، چونکە نایانەوێت کورد خاوەن کیانی خۆی بێت." ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای مەترسییەکان، تا ئێستا توانراوە بە باشی پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکرێت.

بە کورتی ئەمانەشی گوت: 

بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی گەشبینم.

چاوەڕێی ئەنجامی باش لە کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتیی دەکرێت.

دۆخی ناوچەکە دەخوازێت پەرلەمان بە زووترین کات کارا بکرێتەوە.

ململانێی پارتی و یەکێتیی سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت.