بەرپرسانی بەغدا چییان بە هۆشیار زێباری گوتووە؟ کوردستان24 ئاشکرای دەکات
بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە بەرپرسێکی باڵای پارتییان گوتووە، رێگە نادەن ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بگەنە ئاستی سەربازی و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمەوە تاوەکو شەوی رابردوو، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، هەریەکە لە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە هۆشیار زێبارییان گوتووە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن کێشەکە بگاتە ئاستی سەربازی، بەڵکوو دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و دەستوور ببێتە دادوەر و بنەمای چارەسەر.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، هۆشیار زێباری بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەبارەی کێشەکان بە سەرجەم ئەو سەرکردانە گەیاندووە و جەختی کردووەتەوە، پارتی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانە بەگوێرەی دەستوور.
لە چوارچێوەی هەمان جموجۆڵی دیپلۆماسیدا لە بەغدا، شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری ئێوارەی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و داوای لێ کرد وەک سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان هەڵوێستێکی روونی بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی دەستووری هەبێت.
هەروەها دوێنێ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەم، هۆشیار زێباری لە دیدارەکانیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی گەیاندەوە، کە تێیدا پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بە باشترین رێگە بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی و یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان دەزانرێت.
ئەم کۆبوونەوانە دوای ئەوە دێن، رۆژی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بڕیاری دا دەستەی دەروازە سنوورییەکان سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە، دەروازە نافەرمییەکان دابخات و هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە رێگەپێدراو بێت.