محەمەد ئیسلامی: پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی ئێران دوژمنانی ترساندووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد ئیسلامی، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، دژایەتیی دوژمنان بەرامبەر بە وڵاتەکەی سەرچاوەی لەو ترس و نیگەرانییە گرتووە کە بەهۆی پێشکەوتنە زانستی و تەکنیکییەکانی ئێرانەوە دروست بووە.

محەمەد ئیسلامی لە میانەی وتارێکدا لە رەشت گوتی: کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی رابردوودا لە کەرتە جیاوازەکاندا بەرەو پێشچووە، ئەو جەختی لەوە کردەوە، پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ستراتیژیی دەوڵەتدا.

محەمەد ئیسلامی ئاماژەی بەوەش دا، هێزە خۆسەپێنەکان هەوڵ دەدەن رێگری لە گەیشتنی وڵاتە سەربەخۆکان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بکەن. لەم چوارچێوەیەشدا هەڵوێستەکانی پێشووی ئەمریکای بە نموونە هێنایەوە کە هۆشدارییان دابووە ئێران لە دروستکردنی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی. هاوکات جەختی لە سەروەریی بڕیاری نیشتمانی و پێویستنەبوون بە وەرگرتنی مۆڵەتی دەرەکی کردەوە.

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رەخنەی لە هەوڵەکانی ئەمریکا گرت بۆ فشارخستنە سەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە مەبەستی پەکخستنی پێشکەوتنەکانی ئێران، گوتیشی: بەئامانجگرتنی ناوەندە ئێرانییەکان لەسەر بنەمای گریمانەی ناڕاست بووە سەبارەت بە خاوەندارێتیکردنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها باسی لە تەرخانکردنی پاداشتی دارایی کرد لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.

محەمەد ئیسلامی ئەوەشی خستەڕوو، کاروانی زانستیی وڵات پشت بە توێژینەوە و گەشەپێدان دەبەستێت و لە قۆناخی دۆزینەوە بەرەو قۆناخی توانای کردەیی هەنگاو دەنێت، کە ئەوەش بەرهەمی هەوڵ و کۆششی پسپۆڕان و گەنجانە.