ئەسحابولکەهف هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات
ئەسحابولکەهف رادەستکردنی چەک بە حکوومەتی عێراق رەتدەکاتەوە
گرووپی 'ئەسحابولکەهف' کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەگەر بەیرووت یان بەشی باشووری لوبنان رووبەڕووی هەر هێرشێکی ئیسرائیل ببنەوە، شاری ئیلات و بەندەرەکەی دەکەنە ئامانج.
گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: "ناوچەی ئیلات و بەندەرەکەی لە ناو خاکە داگیرکراوەکاندا دەبێتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەسحابولکەهف ئەگەر هاووڵاتییانمان لە بەیرووت و باشوور بکرێنە ئامانج"، جەختیشیان کردووەتەوە، "هەر جوڵەیەک بە هەماهەنگی لەگەڵ میحوەرى بەرگری دەبێت."
لە بەیاننامەکەیدا، "ئەسحابولکەهف" داواکارییە سیاسییەکانی بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپەکان رەتکردەوە و ئەو قسانەشی کە دەوترێت مەرجەعیەتی باڵای ئاینی پاڵپشتی ئەم رێڕەوە دەکات، بە 'وتەیەک کە مەبەست لێی باتڵە وەسف کرد.'
بەیاننامەکە هەڵوێستەکانی پێشووی مەرجەعیەتی ئاینی لەبارەی "جیهادی کیفائی" و شەڕی غەززە و لوبنان بەبیرهێنایەوە، هەروەها ئاماژەی بە بەیاننامەی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵا کرد و هەڵوێستی مەرجەعیەتی وەک سەرخستنی گەلی فەلەستین ناوبرد.
ئەم بەیاننامەیە دوای چەند کاتژمێرێک لە زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دژی بەیرووت و باشوور هات، پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رابگەیەنێت، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە و ئیسرائیل و حزبوڵڵا رەزامەند بوون لەسەر کەمکردنەوەی شەڕ و ئاگربەست.
پێشتر ناتانیاهۆ رایگەیاندبوو، ئەگەر حزبوڵڵا هێرشەکانی رانەگرێت، ئیسرائیل لە بەیرووت دەدات، سوپای ئیسرائیلیش فەرمانی کردبوو بۆ لێدانی چەند شوێنێک لە بەشی باشووری بەیرووت، ئەمەش وایکرد هەزاران مەدەنی ناوچەکە جێبهێڵن.
"ئەسحابولکەهف" بە یەکێک لە دیارترین گرووپە چەکدارە دیارەکانی عێراق دادەنرێت کە لە ساڵی 2019ەوە ناوی دەرکەوتووە. میدیاکانی رۆژئاوا بە یەکێک لە گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە عێراق وەسف دەکرێت، چونکە پێشتر ناوی لە بەیاننامە و هەڕەشەکان و گرتنەئەستۆی هێرشەکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل بەکارهاتووە، بەبێ ئەوەی سەرکردایەتییەکی روون یان پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی راگەیەندراوی هەبێت.