رووسیا بە سەدان درۆن و دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا
بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، رووسیا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شارەکانی کیێڤ، دنیپرۆ و خارکێڤ، بەهۆیەوە نۆ کەس کوژراون و زیاتر لە 70 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە هێرشەکەی رووسیا رادارەکانیان 73 مووشەک و 656 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تۆمارکردووە کە لەلایەن سوپای رووسیاوە تەقێنراون، ئاماژەی بەوەشدا، بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا توانیویەتی بەرپەرچی زۆربەی هێرشەکان بداتەوە و 602 درۆن و 40 مووشەکی جۆراوجۆری خستووەتە خوارەوە.
رووسیا لە هێرشەکانیدا، وزە و ژێرخانی ئۆکرانیای کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمساڵ کیێڤ هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناوخۆی رووسیا چڕتر کردووەتەوە، کە زۆرجاریش هەردوولا هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن ئامانج.
ئۆلێکساندر هانزا پارێزگاری دنیپرۆ لە کەناڵی تێلێگرامەوە رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ناوچەکەیان بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون و 25 کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو بریندارەکان لە نەخۆشخانەدا خەوێندراون و دۆخی تەندروستییان مامناوەندە، هەروەها وێنەی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و ئۆتۆمبێلە سووتاوەکان و گۆڕەپانێکی یاری وێرانکراوی بڵاوکردووەتەوە کە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
لە کیێڤی پایتەخت، ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە پشتڕاستی کردەوە، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی رووسیا لانیکەم چوار کەس لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکەدا کوژراون و 51 کەسی دیکەش برینداربوون.
کلیچکۆ روونیشیکردەوە، هێرشێکی مووشەکی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی 24 نهۆمی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە باڵەخانەکە رووخا و پێشنیاری ئەوە دەکات کە کەسانێک لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهۆی کەوتنە خوارەوەی مووشەک لە گەڕەکی ئۆبۆلۆن ئۆتۆمبێلەکان ئاگریان گرتووە، هەروەها ئاگر لە نزیک باخچەیەکی ساوایانیش کەوتووەتەوە."
دوابەدوای ئەم هێرشانە، هەزاران کەس لە دانیشتووانی کیێڤ پەنایان بردە بەر وێستگەکانی میترۆ و پەناگە ژێرزەمینییەکان دوای هۆشداریدان لە هێرشە ئاسمانییەکان کە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەیان گرتەوە.
لە شوباتی ساڵی 2022 رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.