سبەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەناچێت

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

بەهۆی سکاڵایەکی تیمی پارێزەرەکانییەوە؛ سبەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەناچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی حوەزیرانی 2026، دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، دۆسیەی بریکارەکەیان لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی نەماوە و ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە (ئیستئناف) کراوە.

ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەران گوتی، "بەهۆی ئەوەی تیمی پارێزەران سکاڵایەکیان تۆمار کردووە سەبارەت بەوەی دۆسیەکە لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی بەڕێوە نەچێت، ئێستا دۆسیەکە لەو دادگایە نەماوە و رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کراوە بۆ تێهەڵچوونەوە و بڕیاردان لەسەری".

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاش، دانا تەقیەددین روونیکردەوە، سبەی چوارشەممە، 03ـی حوەزیران، دانیشتنی دادگا بەڕێوە ناچێت، چونکە دۆسیەکە رەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە و تا کاتی یەکلابوونەوەی سکاڵاکەی تیمی پارێزەران لەسەر گۆڕینی دادگاکە، رێوشوێنەکان لە دادگای پێشوودا رادەگیرێن.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.