کەتائیبی ئیمام عەلی رادەستکردنی چەکەکانی بە دەوڵەت راگەیاند

سەرکردایەتیی کەتائیبی ئیمام عەلی، بە فەرمی کۆتاییهێنان بە پەیوەستبوونی خۆی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە راگەیاند و دەستپێکردنی رێکارەکانی رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت خستە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، سەرکردایەتیی کەتائیبی ئیمام عەلی کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا،  بڕیاری دا کۆتایی بە پەیوەستبوونی خۆی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە بهێنێت و دەست بە رێکارەکانی رادەستکردنی چەک بە دەوڵەتەوە بکات.

بە پێی راگەیەنراوێک کە لە لایەن ئەمینداریێتیی گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی بڵاو کراوەتەوە تێیدا هاتووە: "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و، لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن، بەهێزکردنی سەروەریی یەکڕیزیی نیشتمانی، سەرکردایەتییەکەمان بڕیاری دا پەیوەندییەکانی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە بپچڕێنێت."

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی گونجان لەگەڵ ویستی نیشتمانی و بڕیاری لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" دراوە و تێیدا دەست بە رێکارەکانی رادەستکردنی چەک دەکرێت.

کەتائیبی ئیمام عەلی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "بەرگریی پێویستییە نەک پیشە" و، بەرپرسیارێتیی ئەمڕۆیان وا دەخوازێت کە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت، دامەزراوە ئەمنییەکان بەهێز بکرێن و دەسەڵاتی یاسا بسەپێنرێت.

 

بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە، سەرکردایەتیی کەتائیبەکە بڕیاری پێکهێنانی سێ لیژنەی داوە:

-لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی پشکنین، رادەستکردن و گواستنەوەی چەکەکان لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

-لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکان، کە وەک خۆیان دەڵێن "لە پێشی پێشەوەی گرنگیپێدانمان دەمێننەوە".

-لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کاروباری کارمەندان و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.

کەتائیبی ئیمام عەلی، وەک ئەوەی لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هیوای خواستووە کە عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و ئاشتی باڵی بەسەردا بکێشێت، تاوەکو بتوانێت بەرەو ئاستی وڵاتە گەورەکان هەنگاو بنێت.