حاجییەکی دیکەی کورد لە مەککە گیانی لە دەستدا
دووەم حاجیی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی قەزای خەباتە، دوای تەواوکردنی فەریزەی حەج، لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد و بڕیارە هەر لەوێش بە خاک بسپێردرێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ 2ـی حوزەیرانی 2026، دووەم حاجیی کورد بە ناوی "یاسین رەجەب خەمۆ رێکانی"، لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە شاری مەککە لە وڵاتی سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو حاجییە، کە دانیشتووی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێرە، ئێوارەی ئەمڕۆ و دوای جێبەجێکردن و تەواوکردنی سەرجەم ئەرکەکانی فەریزەی حەج، گیانی لەدەست داوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ستوونی بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو کرد و هیوای خواست خوای گەورە جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە کەسوکاری ببەخشێت.
کاروان ستوونی روونی کردەوە، بڕیارە دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەری، تەرمی ئەو حاجییە کوردە هەر لە شاری مەککە بە خاک بسپێردرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، یەکەم حاجی کورد بە ناوی (ئەحمەد محەمەد سەعید)، کە دانیشتووی شاری دهۆک بوو، دوای ئەوەی فەریزەی حەجیی ئەمساڵی بە سەرکەوتوویی بهجێ گهیاند، لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد.