سبەی زیاتر لە هەزار حاجی لە رێگەی حەوت فڕۆکەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی 4ـی حوزەیران پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 5:00 بەرەبەیان یەکەم کاروانی حاجیان لە مەدینەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون و چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر 7:30ـی خولەکی بەیانی بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

بڕیارە سبەی لە رێگەی حەوت فڕۆکەوە، هەزار و 27 حاجی بگەڕێنەوە کە دابەشبوون بەسەر چوار فڕۆکە بۆ حاجیانی هەولێر، دوو فڕۆکە هی حاجیانی دهۆکن فڕۆکەیەکیش حاجیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی تێدایە دەگەڕینەوە.

سەبارەت بە حاجیانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش، کاروان ستوونی رایگەیاند؛ بەپێی خشتەیەکی راگەیەندراو، لە رۆژانی دواتردا ئەوانیش دەگەڕێنەوە.