3 ملیۆن و 500 هەزار سەرەمێکوتەی ماسی خرانە نێو بەنداوەکان
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی نوێی بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، بێستون نەجمەدین، بەرێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کوردستان24 گوتی، چوارچێوەی پلانەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بایەخدان بە ژێرخانی ئابووری، لە هەڵمەتێکی فراواندا 3 ملیۆن و 500 هەزار سەرەمێکوتەی ماسی خراونەتە ناو ئاوی بەنداوەکانی (گۆمەسپان، بەستۆرە، سماقوڵی و ئاقوبان)، ئاماژەی بەوەش کرد لە رۆژانی داهاتوودا نزیکەی 700 هەزار سەرەمێکوتەی دیکە بۆ بەنداو و ئاوەکانی تری هەرێم دابین دەکرێن.
بەرێوەبەری سامانی ماسی گوتیشی: "وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی ناوخۆ و زیادکردنی سامانی ماسی، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا 500 بۆ 800 هەزار پەنجەماسی دیکە دەخرێنە ناو ئاوی بەنداوەکانی هەرێمەوە."
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی وەرزی راوکردن، بێستون نەجمەدین رایگەیاند، دوای 3 مانگ لە قەدەغەکردنی راوەماسی، لە رێکەوتی 16ـی حوزەیران راوکردن بەپێی رێنماییەکان ئاسایی دەبێتەوە، هاوکات هۆشداریی دا بە راوچییان کە خۆیان لە بەکارهێنانی رێگە نایاساییەکانی وەک (کارەبا، ژەهر، تەقەمەنی و تۆری کون ورد) بەدوور بگرن، چونکە دەبێتە هۆی قڕکردنی ماسییەکان و زیانگەیاندن بە هاوسەنگیی ژینگەیی.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 65 هەزار تۆن ماسی هەیە، لە ئێستادا نزیکەی 40 هەزار تۆن لەو بڕە لە ناوخۆی هەرێم و لەسەر رووبەری 15 هەزار دۆنم زەوی بەرهەم دەهێنرێت، بڕی پێویستیش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان لە رێگەی بازرگانان و هاوردەکردنەوە دابین دەکرێت.