کۆمپانیای OpenAI گەورەترین گۆڕانکاری لە "ChatGPT" دەکات

کۆمپانیای OpenAI پلانی هەیە گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی "ChatGPT"دا ئەنجام بدات و بیگۆڕێت بۆ "سوپەر ئەپ"ێک کە ئامرازەکانی پڕۆگرامسازی و بریکاری زیرەکی دەستکرد لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بە ئامانجی زیادکردنی داهات و ئامادەکاری بۆ چوونە ناو بازاڕی پشکەکان بۆرسە.

یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی "فاینانشێڵ تایمز" لە راپۆرتێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گۆڕانکارییانە بەشێکە لە پرۆسەیەکی فراوانی رێکخستنەوە لە ناو کۆمپانیای OpenAI، بە مەبەستی تەرخانکردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ کڕیارە بازرگانییە گەورەکان و توندکردنەوەی رکابەریی لەگەڵ کۆمپانیای "Anthropic".

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە هەفتەکانی داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە بەرهەمی "Codex" دەدرێت کە تایبەتە بە کۆدینگ و پڕۆگرامسازی، گۆڕانکارییەکانیش سەرەتا لەسەر ماڵپەڕی چات-جی-پی-تی و ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەکان دەردەکەون.

بۆ راکێشانی بەکارهێنەرانی زیاتر، کۆمپانیاکە رووکاری چات-جی-پی-تی دووبارە دیزاین دەکاتەوە و تایبەتمەندیی نوێی بۆ زیاد دەکات کە بەکارهێنەران ئاراستەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی پڕۆگرامسازی، دروستکردنی وێنە و خزمەتگوزارییەکانی هاوبەشەکانی وەک "Canva" و "Booking.com" دەکات.

ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کۆمپانیا بەکارهێنەری خزمەتگوزارییەکانی ئەم کۆمپانیایەن و نزیکەی 40%ی داهاتی OpenAI دابین دەکەن، پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ 50% بەرزبێتەوە.

سەرەتای ئەمساڵ کۆمپانیای OpenAI رایگەیاندبوو کە "ChatGPT" هەفتانە زیاتر لە 900 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە و ژمارەی بەشداربووەکانی گەیشتووەتە 50 ملیۆن کەس.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی رۆیتەرز لە مانگی ئایاردا بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکە خەریکی ئامادەکارییە بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆی لە بورسەی ئەمریکا، بەڵام سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوان پەلە ناکەن و هەر کاتێک کاتەکە گونجاو بێت ئەو هەنگاوە دەنێن.