نرخی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان لە بازاڕەکاندا بەرز بووەتەوە
بازاڕی ئامێرە زیرەکەکان بە دۆخێکی جیاوازدا تێدەپەڕێت و نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە. دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم گرانبوونە هەن، یەکەمیان جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدایە لە عێراق، دووەمیشیان کاریگەرییەکانی جەنگە لە ناوچەکەدا.
فرۆشیارانی بازاڕی مۆبایل لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی سیستمی ئەسیکۆداوە باج خراوەتەوە سەر زۆربەی ئامێرەکان بۆ 16%.
بڵند جەمال، یەکێک لە فرۆشیارانی مۆبایل بە کوردستان24ـی راگەیاند، مۆبایلێکی 100 هەزار دیناری ئێستا 30 تاوەکو 50 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەی. روونیشی کردەوە، ئایپادێک پێشتر بە 200 هەزار دینار بوو، ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 300 بۆ 340 هەزار دینار، بەڵام کاتژمێرەکانی ئەپڵ بەهۆی کەمیی خواست لەسەریان گرانبوونیان زۆر پێوە دیار نییە.
سەبارەت بە ئامێرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، رەنج محەممەد، فرۆشیارێکی دیکەی بازاڕەکە ئاماژەی بەوە دا، ئایفۆنەکان راستەوخۆ لە ئیماراتەوە دەگەنە فڕۆکەخانەی سلێمانی و سیستمی ئەسیکۆدا نایانگرێتەوە، چونکە وەک ئامێری بەکارهاتوو هەژمار دەکرێن و ئەمەش وای کردووە 20 بۆ 22 دۆلار لە نرخەکەیان کەم ببێتەوە.
ئەوەشی خستە روو، ئەگەر ئەو ئامێرانە رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق وەک بەغدا و بەسرە یان تورکیا بکرێن، باجی زیاتریان دەچێتە سەر و گرانتر دەبن.
ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار مۆبایلی ئایفۆن هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڵام هاوردەکردنی ئامێرەکانی گالاکسی و تابلێتەکان رێژەیان زۆر لەوە زیاترە. بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیارانیش، بەشێک لە فرۆشیاران داشکاندنی کەم بۆ ئامێرەکان دەکەن تاوەکو بازاڕەکانیان سارد نەبێتەوە.