گوتەبێژی حەج و عومرە: حاجیانی هەرێم سەلامەتن و گەڕانەوەیان بە رێگەی وشکانی دەبێت

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکەوە هاتە پێش، سەرجەم حاجیانی کوردستان سەلامەتن و هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە.

یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 320 حاجی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و پڕۆسەکە بە سەلامەتی کۆتایی هاتووە.

سەبارەت بەو حاجیانەی کە تا ئێستا لە وڵاتی سعوودیە ماونەتەوە، کاروان ستونی روونی کردەوە، تەنها 1800 حاجی لە شاری مەدینە ماون و هەموویان تەندروستییان باشە، ئاشکراشی کرد بڕیار دراوە بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، سەرجەم ئەو حاجیانەی کە ماونەتەوە لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.