ویلایەتی: دەتوانین گەرووی هورمز و بابوولمەندەب پێکەوە دابخەین
راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەوی تارانی بۆ سەر ئیسرائیل وەک "وەڵامێکی زنجیرەیی" وەسف کرد. ویلایەتی هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی واشنتن و تەلئەڤیڤ کرد و رایگەیاند کە هێزەکانی بەرەی مقاوەمە توانای ئەوەیان هەیە هەردوو رێڕەوی ستراتیژیی "هورمز" و بابوولمەندەب" بە یەکجاری دابخەن.
دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری ڕێبەری ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، ئەو پێشبینییەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر کردبووی، هاتە دی و گوتی: "ئەو وەڵامە مووشەکییەی ئەمشەو لە جۆری جەنگی زنجیرەکان بوو." ئاماژەی بەوە کرد کە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە بەیرووت و پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست، "ئەمەش خولی یەکەمەی وەڵامە زنجیرەییەکانی ئێمەی چالاک کرد."
ویلایەتی سەرنجی خستە سەر ئاسایشی کەشتیوانی لە ناوچەکە و رایگەیاند کە نابێت "ئاسایشی ئێستای گەرووی بابوولمەندەب " دوژمن تووشی هەڵەی لێکدانەوە بکات و "بەرەی مقاوەمە توانای ئەوەیان هەیە کە هەردوو ئاوڕێی هورمز و بابوولمەندەب دابخەین."
راوێژکاری رێبەری ئێران دوو بژاردەی خستە بەردەم ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی: "بڕیارەکە لای ئێوەیە؛ یان کۆتایی بە هێرشەکانتان دەهێنن، یان دەچنە ناو قۆناخی هاوسەنگییەکی نوێوە کە تێیدا هەردوو گەرووەکە بە یاسای ئێمە بەڕێوە دەچن."
ئەم لێدوانە توندانەی ویلایەتی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە ئاڵۆزترین قۆناخی جەنگی مووشەکیدا تێپەڕ دەبێت، و تاران دەیەوێت لە رێگەی فشارخستنە سەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، ئەمریکا ناچار بکات پاشەکشە بە ئیسرائیل بکات لە بەرەی لوبنان.