سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئیسرائیل

تەقاندنەوەی مووشەکێکی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل (وێنە: AFP)
تەقاندنەوەی مووشەکێکی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل (وێنە: AFP)

سوپای پاسدارانی ئێران هێرشکردنە سەر دوو بنکەی ئاسمانیی ئیسرائیلی راگەیاند و هۆشداری دەدات لە کاتی هەر هێرشێکی دیکەدا، بەرەکانی شەڕ فراوانتر دەکەن و لە ئامادەیی تەواودان.

ناوەندی راگەیاندنی سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک پێش ئێستا هێزی ئاسمانیی سوپا، کردەوەیەکی سەرکەوتوویان بە پەیامی (حەیدەری کەڕاڕ) وەک دیارییەک بۆ گیانی قوربانییانی جەنگی 12 رۆژە بۆ سەر دوو بنکەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە نەواتیم و تەلنەوف دەست پێکرد.

هەروەها رایگەیاند، ئەم هێرشە مووشەکییە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر بنکەکانی رادار لە سێ ناوچەی ناوخۆی ئێران.

سوپای پاسداران هۆشداریی داوە و رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هەر هێرشێکی دیکە بکاتەوە، لە بەرانبەردا سنووری وەڵامدانەوەکانیان دژی ئیسرائیل فراوانتر دەکەن.

هەروەها جەختی کردەوە، سەرجەم یەکەکانی شەڕی سوپای پاسداران لە ئامادەکارییەکی تەواودان بۆ هێرشی بەرفراوان و سزادانی ئیسرائیل.