پزیشکیان: جەنگمان هەڵنەبژاردووە بەڵکوو بەسەرماندا سەپێنرا

 سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی رایگەیاند، تاران بە هیچ شێوەیەک بە دوای جەنگدا ناگەڕێت و جەنگ هەڵبژاردەی ئەوان نەبووە بەڵکوو بەسەریاندا سەپێنراوە، بەڵام لە ئەگەری هەر هێرشێکدا ناچارن بەرگریی لە خاکی خۆیان بکەن.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، جەختیکردەوە، ئێران هەرگیز دەستپێشخەری هەڵگیرساندنی جەنگ نەبووە و گوتی: ئێمە بە دوای جەنگدا ناگەڕێین، بەڵام ئەگەر ئەوان بیانەوێت لە جەنگ دژمان بەردەوام بن، وەڵامێکی زۆر یەکلاکەرەوە و توندمان دەبێت.

سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، پێشتر لەگەڵ واشنتن گەیشتبوونە لێکتێگەیشتن و گوتی: لەگەڵ ترەمپ گەیشتینە رێککەوتن، رێککەوتنەکە واژۆکرا و تا ئێستاش خواستی ئەوەمان هەیە بەرەوپێشی ببەین، چونکە تەنانەت لەسەر چوارچێوەی گشتیی رێککەوتنەکەش رێککەوتبووین.

لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت ئێران 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60%ـی لەبەردەستدایە. ئەو یۆرانیۆمە لە کوێیە؟

مەسعوود پزیشکیان گوتی: ئەمریکا بەردەوام دەڵێت ئێمە هەموو شتێکمان لەناوبردووە. کەواتە، ئەو بانگەشەیە یان راستە یان ناڕاست؛ کامیانە؟

سەبارەت بە گرژییەکانی دەریاوانی لە کەنداو و گەرووی هورمز، پزیشکیان ئەو تۆمەتانەی رەتیکردەوە، گوایە وڵاتەکەی دەستپێشخەر بووبێت لە داخستنی رێڕەوەکە و رایگەیاند: ئێمە گەرووی هورمزمان دانەخستبوو، گەرووەکە کراوە بوو، بەڵام ئەوان بەبێ هیچ پاساوێک و بەدەر لە هەر چوارچێوەیەکی یاسایی هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان.