سعوودیە: مافی رەوای خۆمانە بەرگری لە خاکەکەمان بکەین
وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی چەندین جار دامەزراوە ئەمنی و بازرگانییەکانی لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، بۆیە ریاز جەختدەکاتەوە، مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی، هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی خۆی بکات.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارەتیی خۆی بەرامبەر بەو دۆخە هەڵبگرێت بووەتە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە لەسەر ناوچەکە و هاووڵاتییان، هاوکات رایگەیاند، ئاسایشی کەنداوی عەرەبی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی جیهان و راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی خۆراک، کەرتی وزە و زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییە نێودەوڵەتییەکان.
ئازادیی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و رێڕەوە ئاوییەکان
سەبارەت بە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی کاڵاکان، فەیسەڵ بن فەرحان روونیکردەوە، ئەم پرسە پێویستی بە هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتی و کارکردنی جدی هەیە تا بازرگانیی جیهانی رووبەرووی هیچ لەمپەرێک نەبێتەوە. فەرحان دووپاتیکردەوە، دەبێت ئازادیی دەریاوانی لە هەموو رێڕەوە ئاوییەکاندا مسۆگەر بکرێت، لە پێش هەمووشیانەوە گەرووی هورمز، بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن. هەروەها جەختیشیانکردەوە، پێویستە گەرووی هورمز بەبێ هیچ مەرج، کۆتوبەند و باجێک بە کراوەیی بمێنێتەوە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت وەک کارتێکی گوشار بۆ بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک بەکاربهێنرێت.
بنەماکانی ئاشتیی جیهانی
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، ئاشتیی جیهانی بە سەپاندنی هێز و باڵادەستیی تاکلایەنە بەدی نایەت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای رێز، کاری هاوبەش، پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتان و دراوسێیەتیی باش بنیاتبنرێت تا ببێتە کۆڵەکەی سەرەکی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
دۆخی فەڵەستین و کەرتی غەززە
لە بارەی دۆخی فەڵەستین و بەتایبەت کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، فەیسەڵ بن فەرحان گوتی کوشتار، داگیرکاری، ئاوارەکردنی خەڵک و راگواستنی بەکۆمەڵ و زۆرەملێ لە کەرتی غەززە، بە تەواوی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە و بە هیچ جۆرێک جێگەی قبووڵکردن نییە.
ئاڵۆزییەکان لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان سعوودیە و چەکدارانی حووسی، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، ریاز بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەوڵانە دەکات کە لەلایەن حووسییەکانەوە بۆ تێکدانی ئاشتیی ناوچەکە و بەتایبەت دژ بە سعوودیە دەدرێن. جەختیشی کردەوە کە دەبێت هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ میلیشیا حووسییەکان چڕ بکرێنەوە تا سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە. لە کۆتاییشدا رایگەیاند، سعوودیە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی شەرعیی یەمەن، و لەم چوارچێوەیەشدا تا ئێستا وڵاتەکەی نزیکەی 29 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری پێشکەش بە یەمەن کردووە.