ئێران: بڕیاری سەپاندنی گەمارۆ لەلایەن ئەوروپا فێڵبازانەیە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، بڕیارێکی نوێی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە گەرووی هورمزی سەرکۆنە کرد و بە فێڵبازانە و بێبایەخی ناو برد.

کازم غەریب‌ئابادی لە پەیامێکدا سەپاندنی گەمارۆ لە لایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لەسەر چەند کەسایەتییەکی ئێرانیی پەیوەندیدار بە داخستنی گەرووی هورمزی بە "فێڵبازانە" وەسف کرد و رایگەیاند: ئەم سزایانە لە کاتێکدایە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا خۆیان گەورەترین پێشێلکاری مافەکانی گەلی ئێرانن؛ هەروەها ئەم یەکێتییە بە ئەنقەست بەرامبەر گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، کە بە کردەوەیەکی جەنگی دادەنرێت، بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە پەیامەکەیدا لەبارەی پێگەی یاسایی وڵاتەکەی رایگەیاند: ئێران ئەندامی 'کۆنفرانسی یاسای دەریاکان' نییە. ئەو یاساییەی ئێران لە گەرووی هورمز پەیڕەوی دەکات، بنەمای 'تێپەڕبوونی بێ‌زیان'ە کە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و رەچاوکردنی ئاسایشی دەریایی دەوڵەتی کەناراو داڕێژراوە.

غەریب‌ئابادی جەختی کردەوە، هەنگاوە زۆرەملێیە یەکلایەنەکان" نابنە یاسا و تەنها دەبنە مایەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ ئەوانەی دایان دەهێنن.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە وڵاتەکەی هیچ بایەخێک بۆ ئەم هەنگاوە "سیاسی و ڕیاکارانەیەی" ئەوروپا دانانێت و بەردەوام دەبێت لەسەر ستراتیژیی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری و پیادەکردنی مافەکانی لە گەرووی هورمزدا.