سلێمانی.. کۆنسێرتی موزیکی کوردی لە سێ تابڵۆی هونەریدا پێشکەشکرا

لەلایەن کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی موزیک،  کۆنسێرتی "کۆژەنی موزیکی کوردی"، لە زانکۆی سلێمانی لە هۆڵی قادر دیلان پێشکەشکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، میلان زانست، سەرپەرشتیاری ئۆرکێستراکە بە کوردستان24ی گوت، "کۆنسێرتەکە لە سێ بەش پێکهاتبوو و هەر بەشێک تایبەتمەندیی خۆی هەبوو. لە بەشی یەکەمدا، کۆنسێرتی  قوتابیانی قۆناغی سێیەم پێشکەش کرا کە لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا رێباز سادق ئامادەکرابوو. ئەم بەشە دەرفەتێک بوو بۆ پیشاندانی ئاستی فێربوون و ئەزموونی قوتابیان لە بواری گۆرانی و ئەدای موزیک دا."

میلان زانست گوتیشی، "لە بەشی دووەمدا، ئامێرە موزیکییە کوردییەکان بوونە ناوەندی سەرنج، چونکە کۆنسێرتی ئامێرە کوردییەکان پێشکەش کرا. ئەم بەشە گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە گرنگی زۆر پاراستن و بەردەوامکردنی میراتی موزیکی کوردی و ناساندنی دەنگ و رەنگی ئامێرە رەسەنەکانی کوردستان دەبەخشێت."

ئەو موزیکژەنە باس لە بەشی سێیەمی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت، "بەشی سێیەم، کە بەشێکی سەرەکی و چاوەڕوانکراوی بەرنامەکە بوو، ئەویش بریتی بوو لە کۆنسێرتێکی گۆرانی بە دەنگی خانمە هونەرمەند دێرێ ئارام، بەهاوبەشی لەگەڵ  ئۆرکێسترایەکی مۆدێرن. ئەم بەشە لە ژێر رابەرایەتی میلان  زانست و ئامادەکردنی بەرنامەکە لەلایەن باکۆ بەختیار پێشکەش کرا. تێکەڵبوونی دەنگی گۆرانی و ئۆرکێسترا، هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی نوێی گوێگرتن و پێشکەشکردنی بەرهەمە موزیکییەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و هونەری."

میلان زانست ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم چالاکییە، جگە لەوەی کۆنسێرتێکی موزیکییە، هەروەها وێنەیەکە لە کار و چالاکییە فێرکارییەکانی بەشی موزیک و ئاستی توانا و داهێنانەکانی قوتابیان. هەروەها هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نزیکتر لەنێوان زانکۆ، هونەرمەندان و جەماوەری خۆشەویستی موزیک، و لە هەمان کاتدا پشتگیرییەکە لە پاراستن و گەشەپێدانی موزیکی کوردی."

کۆنسێرتی "کۆژەنی موزیکی کوردی"، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، لەلایەن کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی موزیک، لە زانکۆی سلێمانی لە هۆڵی قادر دیلان پێشکەشکرا.