رووسیا لە نزیک هێزەکانی ناتۆ راهێنانی سەربازی دەکات
رووسیا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە یەک کاتدا و لە نزیک یەکتر لە دەریای بەڵتیک مانۆڕێکی گەورەی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی دەکەن، ئەمەش وەک پیشاندانی هێزە بەرانبەر بە یەکتر لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی "ئینتەرفاکس"ـی رووسی بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی رووسیا لە دەریای بەڵتیک مانۆڕێکی سەربازیی کردووە.
لەم مانۆڕەدا هێزەکانی رووسیا سەکۆی هەڵدانی مووشەک و کەشتیی جەنگییان تاقی کردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ هاوکاتە لەگەڵ مەشقێکی سەربازیی گەورەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە هەمان دەریادا لە باکووری ئەورووپا.
ئاژانسەکە روونیشی کردەوە، 10 فڕۆکەی جەنگی و دوو کەشتیی سەربازیی رووسیا بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا کردووە.
مانۆڕەکە لە ناوچەی کالینینگرادی سەر بە رووسیا لە دەریای بەڵتیک دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بووە. هێزەکانی رووسیا راهێنانیان لەسەر هەڵدانی مووشەک و بۆردومانی ئاسمانی کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە مانۆڕێکی سەربازیی هاوپەیمانیی ناتۆ بە ناوی باڵتۆپس بە بەشداریی 15 وڵات و 6000 سەرباز لە هەمان دەریا بەردەوامە.
مانۆرەکەی ناتۆ لە 4ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە و تا 20ی ئەم مانگە درێژە دەکێشێت و ناتۆ 20 کەشتیی جەنگیی بەکار هێناوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
مانۆڕەکەی ناتۆ بە گەورەترین راهێنانی سەربازی لە دەریای بەڵتیک بۆ ئەمساڵ دادەنرێت. ئەم راهێنانە لە ساڵی 1971ـەوە بە شێوەیەکی ساڵانە دەکرێت.
هاوکات، هەرێمی کالینینگراد ناوچەیەکی ستراتیژیی رووسیایە و دەکەوێتە نێوان لیتوانیا و پۆڵەندا لە کەناراوەکانی بەڵتیک. ئەم ناوچەیە بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی دەریای بەڵتیکی سەر بە سوپای رووسیایە و نزیکەی ملیۆنێک کەسی تێدا دەژی.
پێشتر ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا هۆشداریی دابوو و ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ هەموو ئامرازێکی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ لەناوبردنی هەر هێزێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر کالینینگراد.
ئەم لێدوانەی پوتین وەڵامێک بوو بەرانبەر بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، کاتێک گوتبووی پێویستە ناتۆ نیشانی مۆسکۆی بدات هێزەکانیان دەتوانن بچنە ناو ئەو هەرێمەوە.
بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا، دەریای بەڵتیک بووەتە خاڵێکی گەرمی ململانێی سەربازی و پیشاندانی هێز بەرانبەر بە یەکتر.