ئەکسیۆس: گفتوگۆکانی واشنتن و تاران بەردەوامن و ئەرێنین
بەرپرسێکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە شێوازێکی "ئەرێنی و بونیاتنەر" بەردەوامییان هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، ئێران مافی مەرجدانانی لەسەر پرسی گەرووی هورمز نییە.
شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، دانوستانی بەردەوام، ئەرێنی و بونیاتنەر لە نێوان واشنتن و تاراندا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هەیە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە تیشکی خستە سەر هەڵوێستی روونی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی کەشتیوانی و گوتی: "دانوستانکارانی ئەمریکی بە شێوەیەکی راستەوخۆ لایەنی ئێرانییان ئاگادار کردووەتەوە کە تاران کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز ناکات و، لە رووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە هیچ مافێکی ئەوەی نییە مەرج لەسەر دۆسیەی هاتوچۆی دەریاوانی لەو گەرووەدا بسەپێنێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک سەبارەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان واشنتن و تاران، لە سەرووی هەمووشیانەوە مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی عەرەبی، رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەمریکا و شاندی ئێران "زۆر باش" بووە.