تەندروستیی عێراق: هەماهەنگیی ئاستبەرز لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەیە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق تەواوبوونی پرۆسەی پشکنین و (DNA)ی بۆ رووفاتی قوربانییانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان راگەیاند؛ هاوکات جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو رووفاتانەی پشکنینیان بۆ کراوە گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و رادەستی پارێزگای سلێمانی کراون
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، خەمیس سەعد، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ کاروباری کارگێڕی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئاشکرای کرد دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ژێر هەماهەنگییەکی ئاستبەرز و چڕی نێوان بەغدا و هەولێر، شانبەشانی وەزارەت و دامەزراوە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکاندایە، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوە و داخستنی یەکجاریی ئەم دۆسیە مرۆییە هەستیارە.
خەمیس سەعد روونی کردەوە: "وەزارەتی تەندروستی هەماهەنگییەکی بەرفراوانی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا هەیە و لەم پرسەدا هاوکارییەکی گەورە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت. پشکنینی جیناتی و هاوتاسازیی بۆماوەیی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان ئەنجام دراوە و کارەکانیشمان تا گەیشتن بە قۆناخی کۆتایی بەردەوام دەبێت."
بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "ئێستا سەرجەم ئەو رووفاتانەی پشکنینەکانیان بە تەواوی کۆتایی هاتووە گواستراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی بۆ شاری سلێمانی، و ئێستاش تەنیا چەند رێوشوێن و رێکاری تەکنیکی ماون تاوەکو پرۆسەکە بە فەرمی و بە تەواوەتی کۆتایی پێبهێنرێت."
زەید عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشکیی دادوەریی بەغدا بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەو رووفاتانە پێشتر لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی "تەل شێخیە" لە بیابانی سەماوە (سەر بە پارێزگای موسەننا) دەرهێنرابوون، کە پێکدێن لە تەرمی ژنان، منداڵان و پیاوانی قوربانیی دەستی ڕژێمی پێشوو.
زەید عەلی گوتی: "ئەمڕۆ قۆناخی پشکنین و وەرگرتنی نموونەی بۆماوەیی بۆ 165 رووفات بە کۆتا هات و سەرجەمیان رادەستی لێژنەیەکی پسپۆڕ کران، کە نوێنەرانی حکوومەتی فیدراڵ، ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی و کەسوکاری سەربەرزی قوربانییانی تێدایە."
بەڕێوەبەری پزیشکیی دادوەری ئاماژەی بەوەش کرد کە تا کاتی دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی هاوتاسازیی پشکنینە جیناتییەکان (DNA) لەگەڵ خێزانەکانیان، رووفاتەکان لە شوێنێکی کاتیدا بەخاک دەسپێردرێن.
دوای تەواوبوونی تەواوی تاقیکردنەوەکانیش، راپۆرتی کۆتایی لەسەر گۆڕی بەکۆمەڵی "تەل شێخیە" بڵاودەکرێتەوە کە زانیاریی ورد لەبارەی ژمارە، رەگەز و تەمەنی قوربانییەکان لەخۆدەگرێت.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵانە، جیا لە رێزلێنان لە شەهیدان و مافی کەسوکاریان، هەنگاوێکی گرنگن بۆ بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکان لە رووی یاسایی و تاوانکارییەوە تا وەک بەڵگەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە مێژوودا بمێننەوە.