ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر 13 کەسایەتی و دامەزراوەدا سەپاند کە بنکەکانیان لە ئێران، بێلارووس و چینە، ئەوەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کەس و کۆمپانیایانەی سزاکەیان گرتووەتەوە، لە وڵاتانی ئێران، بێلارووس و چین (بە هۆنگ کۆنگیشەوە) چالاکییان کردووە و هەوڵیانداوە چەکی جۆراوجۆر، لەنێویاندا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کۆڵهەڵگر (MANPADS)، بۆ بەرژەوەندی سوپای پاسدارانی ئێران دابین بکەن.
ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە، کە پێشتر لە 8ـی ئایاری 2026ـیشدا زنجیرەیەک سزای دیکە بە مەبەستی پەکخستنی تۆڕەکانی دابینکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئێران راگەیاندرابوو، تاوەکو رێگری لە پەرەپێدانی چالاکییە سەربازییەکانی تاران لە ناوچەکەدا بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە پاڵپشتییە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەهۆی "پاپەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانی" دووبارە بەسەریدا سەپێندراونەتەوە. بەپێی بڕیاری ژمارە 1929ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەبێت وڵاتانی ئەندام ڕێگری لە فرۆشتن و گواستنەوەی چەکی وەک (MANPADS) بۆ ئێران بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار" بۆ سەر تاران، بە مەبەستی بێبەشکردنی حکوومەتی ئێران و سوپای پاسداران لەو سەرچاوە دارایی و سەربازییانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
سزاکانی ئەمجارە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە و بەپێی چەند فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرچوون، کە راستەوخۆ ئەو لایەنانە دەکەنە ئامانج کە لە کەرتە داراییەکان و دابینکردنی چەکی کۆکوژ و چەکە باوەکان هاوکاری ئێران دەکەن.