قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: گەرووی هورمز داخرایەوە

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، گەرووی هورمز لەبەردەم هەموو جووڵەیەکی دەریایی داخرایەوە و رێگەی تێپەڕبوون بە هیچ کەشتی و بەلەمێک نادرێت.

پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، ناوەندی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لەم چرکە ساتەوە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و رێگەی تێپەڕبوون بە هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر و بازرگانی و هیچ جووڵەیەکی دەریایی نادرێت.

راشیگەیاندووە، بەهۆی هێرشی سوپای ئەمریکا بۆ سەر هەندێک ناوچەی باشووری پارێزگای هورمزگان، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و هەر کەشتییەک لە گەرووەکە نزیک ببێتەوە، دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانی هێزی دەریایی ئێران. 

هەروەها بانگەشەکانی ئەمریکا لە بارەی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی بەگەرووی هورمز رەتدەکاتەوە.

پێشتریش میدیاکانی ئێران بڵاویانکردبووەوە کە هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز بەرپەرچی کەشتیگەلی ئەمریکایانداوە و لە گەرووەکە دووریانخستووەتەوە.

ئەمشەو ماوەیەکی کورت دوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی پیت هێگسێت وەزیری جەنگیی ئەمریکا لە بارەی هێرشکردنەوەی سەر ئێران، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناو ئێران دەستپێکردووە.

لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمشەو، ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تیمی ئیدارەکەی کۆبووەتەوە و باسی لە وەشاندنی گورزێکی دیکەی سەربازی لە دژی ئێران کردووە، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە هێرشەکە کورتخایەن دەبێت و ئامانجیش لێی ناچارکردنی کۆماری ئیسلامییە بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانی و گەڕانەوە بۆ دانوستان.