سوپای پاسداران: نزیکبوونەوە لە گەرووی هورمز قەدەخەیە

هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، کە داخرانی گەرووی هورمز درێژە دەخایەنێت و میدیای ئێرانیش بڵاویکردووەتەوە، هیچ جووڵه‌یه‌ک له‌ گه‌رووەکە نه‌ماوه‌.

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوابەدوای دووبارە پێشێلکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە، گەرووی هورمز تا کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە.

هۆشداریشیداوە، نابێت هیچ کەشتییەک لە کەنداو و دەریای عومان جووڵە بکات و لەنگەر بگرێت؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە، هەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز نزیک بێتەوە بە هاوکاریی دوژمن دادەنرێت.

دوای شەڕو پێکدادانەکانی ئەمشەوی نێوان هێزی دەریایی وڵاتەکەیان لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا لە دەوروبەری گەرووی هورمز، ئێستا هیچ جووڵەیەک لەم گەرووە نەماوە.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئێستا دوای شەڕو پێکدادانەی ئەمشەو دۆخی 13 شاری سنووری پارێزگای هورمزگان و گەرووی هورمز هێوربووه‌ته‌وه‌.

هەروەها سوپای ئێران بڵاویکردووەتەوە، به‌ درۆن 18 ئامانجی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا كه‌شتیگه‌لی پێنجەمی ئه‌مریكایان له‌ به‌حره‌ین بۆردومان كردووە و توانیویانە سیستەمی راداری تایبه‌ت به‌ كه‌شتیگه‌لەکە لەکاربخەن.

هاوکات جەخت دەکاتەوە، ئاماده‌ی وه‌ڵامدانەوەی ئەمریکان و سازش و پاشه‌كشه‌ ناكه‌ن و به‌هۆی به‌هێزی وه‌ڵامه‌كانیان، ئەمریکایان ناچارکردووە هێرشەکانی رابگرێت.