سوپای پاسداران: بە 12مووشەک هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند؛ وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، چەند مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی ناوەندێکی فەرماندەیی ئەمریکا لە وڵاتی ئوردن کردووە.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ سزادانی دەستدرێژیکار بووە، تێیدا بە 12 مووشەک ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە بنکەی ئاسمانیی ئەزڕەق کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، سوپای پاسداران ئیدیعای ئەوە دەکات کە توانیویەتی ئەو ناوەندە و ژمارەیەک لە فڕۆکە جەنگییەکان تێکبشکێنێت.
سوپای ئەمریکا کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، لەم هێرشانەدا سیستەمەکانی چاودێری سەربازی، پەیوەندییەکان و بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی مارێنز، هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە و تەقەمەنیی وردیان بەکارهێناوە. ئەمریکا هۆکاری هێرشەکانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو بنکە سەربازییانە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
لەلایەکی دیکەوە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران و دەوروبەری بیستراوە. میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندووە، تەقینەوە لە شاری کەرەج (رۆژئاوای تاران) و شاری وەرامین (باشووری رۆژهەڵاتی تاران) روویانداوە. هەندێک سەرچاوەی خۆجێی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری هەیە فڕۆکەخانەی پەیامیش کرابێتە ئامانج و بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکانەوە پەنجەرەی ماڵەکان لەرزیوون.