سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە ئێران
سوپای ئەمریکا کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، لەم هێرشانەدا سیستەمەکانی چاودێری سەربازی، پەیوەندییەکان و بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی مارێنز، هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە و تەقەمەنیی وردیان بەکارهێناوە. ئەمریکا هۆکاری هێرشەکانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو بنکە سەربازییانە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
لەلایەکی دیکەوە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران و دەوروبەری بیستراوە. میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندووە، تەقینەوە لە شاری کەرەج (رۆژئاوای تاران) و شاری وەرامین (باشووری رۆژهەڵاتی تاران) روویانداوە. هەندێک سەرچاوەی خۆجێی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەری هەیە فڕۆکەخانەی پەیامیش کرابێتە ئامانج و بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکانەوە پەنجەرەی ماڵەکان لەرزیوون.
ئەم هێرشانە دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشێکی دیکەی ئەمریکا بۆ سەر کەناراوەکانی باشووری ئێران دێت. تا ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکان و قەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.