قەرارگای خاتەمولئەنبیا: هەناردەی نەوت یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ وڵاتێک

فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا هەڕەشە دەکات، ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، ئاگری شەڕی تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە و هۆشداریشدەدات، هەناردەی نەوت و گاز لە ناوچەکە یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ وڵاتێک نابێت.

فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، شەڕ فراوانتر و بەربڵاوتر دەبێت و نا سەقامگیریش تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.

فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، ئەمریکا لەلایەک باس لە رێککەوتن و دانوستان دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە شەڕانگێزی دەکات، ئەم دوو فاقیە ئاشکرایە لە رەفتار و قسەکانی ئەمریکادا هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی ناوچەکەیە، ئەمە وایکردووە ئاسایشی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابووری وڵاتان و بەتایبەت گەرووی هورمزی بکەوێتە مەترسییەوە.

راشیگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمریکا تا ئێستا گەلی ئێران وهێزە چەکدارە بوێرەکانی ئەم وڵاتەیان نەناسیوە و تەنیا خۆیان دەخەڵەتێنن و رێگەیەکی پووچیان گرتووەتەبەر، بە هەڵمەتی جەنگیی میدیایی هەرگیز ناتوانن شکستە یەک لە دوا یەکەکانیان لە شەڕی دژ بە ئێران قەرەبوون بکەنەوە یان شەڕانگێزییەکانیان پەردەپۆش بکەن.

فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا هۆشداری دەدات، ئەگەر ئەمەریکا هەوڵی دووبارە هێرشکردنەوەی سەر ئێرانی بدات، وەڵامی توندتر لە جارانی دەدەنەوە و ئاگری شەڕیش بەربڵاوتر و فراوانتر دەبێت، نا سەقامگیرییەکی سەرتاسەریش ناوچەکە دەگرێتەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی نەوتی ئێران، ئەوە دڵنیایی دەدرێت، کە هەناردەکردنی نەوت و گاز یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ وڵاتێک نابێت.

ئەم راگەیەندراوەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەمشەو هێرشی سەر ئێران و ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە دەکەنەوە، راشیگەیاند، کەرتی نەوتی ئێران بە هەمان چارەنووسی نەوتی ڤەنزوێلا دەبەن.