تاران چەندین وڵات لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن ئاگادار دەکاتەوە

"قەتەر و ئێران لەسەر رەشنووسی رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن"

پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە تاران و دەوحە لە میانی گفتوگۆیەکی نهێنی و درێژخایەندا گەیشتوونەتە ڕەشنووسێکی هاوبەش بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، کە سێ تەوەرەی سەرەکی لەوانەش ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران و بازرگانی لە گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت.

 پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، پێگەی هەواڵی"ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی، لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، گفتوگۆکان تا درەنگانی شەوی چوارشەممە لە تاران بەردەوام بوون، کە تێیدا عەلی سەوادی، نێردەی تایبەتی قەتەر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە چڕوپڕی گفتوگۆیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان واشنتۆ و تاران.

بە پێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەکە، لایەنی قەتەری و ئێرانی، لەو بڕوایەدا بوون کە گەیشتوونەتە رەشنووسێکی پەسەندکراوی دەقەکە کە ئەمریکاش هاوڕا بێت لەسەری.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە جیاوازییەکان لەسەر سێ پرسی بنەڕەتی بەرتەسک کراونەتەوە، کە بریتین لە:

-میکانیزمی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، کە گرنگترین مەرجی لایەنی ئێرانییە.

-رێوشوێنەکانی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی ئاگربەستی 60 رۆژەدا.

-چۆنیەتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی ئەو ئاگربەستەدا.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئێران چەندین وڵاتیان ئاگادار کردووەتەوە کە گفتوگۆکانی تاران بوونەتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی، بەڵام ئەم رێککەوتنە هێشتا پێویستی بە رەزامەندیی کۆتایی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران هەیە.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هێرشە سەربازییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، گومانی ئێرانییەکان و قەتەرییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە نییەتە راستەقینەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زیاد کردووە.