رافایل گرۆسی، ئارەزووی پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئارەزووی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشان دەدات و جەخت لەسەر دیپلۆماسییەتی بێدەنگ و کردارەکی دەکاتەوە.

گرۆسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ڤیێنا رایگەیاند، ئەو بڕوای بە شێوازێکی جیاواز لە بەڕێوەبردن هەیە. گوتی: "بە بڕوای من، ئەمینداری گشتیی وەک پاپایەکی عەلمانی یان دادوەر نییە، بەڵکو ئەرکی سەرەکی ئەو چارەسەرکردنی کێشەکانە."

گرۆسی، کە تەمەنی 65 ساڵە و بە رەگەز ئەرجەنتینییە، یەکێکە لە کاندیدە دیار و ناسراوەکان بۆ شوێنگرتنەوەی سکرتێریی گشتیی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان.

گرۆسی دەڵێت: "من بڕوام بە سکرتێرێکی گشتی هەیە کە کرداری بێت، نەک تەنیا خەریکی تۆمەتبارکردنی لایەنەکان بێت." جەختیش دەکاتەوە، ئەمینداری گشتی دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان بپارێزێت. بە بڕوای ئەو، ئەگەر بەرامبەرەکەت بە تاوانبار ناو ببەیت، گفتوگۆکان دەوەستن و هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.

گرۆسی ئاماژەی بە رۆڵی خۆی لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا کرد وەک نموونەیەک بۆ شێوازی کارکردنی. ئەو لە رێگەی دیپلۆماسییەتەوە توانی چەند رێککەوتنێکی سنووردار بۆ راگرتنی تەقە لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا ئەنجام بدات.

ئەم رێککەوتنانە رێگەیان خۆشکرد، کارەکانی چاککردنەوە لە وێستگەکە بەردەوام بن و رێگری لە کارەساتێکی ئەتۆمی بکرێت. گرۆسی لەو پێناوەدا خۆی بەدوور گرت لە ئیدانەکردنی رووسیا وەک هێزێکی داگیرکەر، تەنیا بۆ ئەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی بە کراوەیی بمێننەوە و ئامانجە مرۆیی و سەلامەتییەکە بپێکێت.