خوێندکارێکی زانکۆ ئەپڵیکەیشنێکی هاتوچۆی بەبێ ئینتەرنێت دروستکردووە
خوێندکارێکی زانکۆ لە شاری سلێمانی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە هاتوچۆ و دۆزینەوەی هێڵەکانی پاس بە ناوی "سولی پاس" دروست کردووە.
شکۆ سەڵاح تاهیر، خوێندکاری قۆناغی چوارەم لە بەشی تەکنۆلۆجیای داتابەیس لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە. بیرۆکەی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی رۆژانەی هاووڵاتییان جێبەجێ کردووە.
ئەو گەنجە داهێنەرە ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت. بەشی یەکەم تایبەتە بە گەڕەکەکانی سلێمانی، لەبەر ئەوەی ئەو داتایانەی ئێستا لەسەر نەخشە جیهانییەکانی وەک گووگڵ ماپ هەن بۆ شاری سلێمانی هەڵەی زۆریان تێدایە و لەم پڕۆژەیەدا گەڕەکەکان رێکخراونەتەوە.
هەروەها روونیشی کردەوە، بەشی دووەم تایبەتە بە دیاریکردنی وێستگە و هێڵی پاسەکان، لەبەر ئەوەی تاوەکوو ئێستا لە هیچ پلاتفۆرمێک و تەنانەت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیشەوە بە دیجیتاڵی نەکراون.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی ئەم ئەپڵیکەیشنە ئەوەیە پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێت نییە. شکۆ سەڵاح ئەوەشی خستە روو، هاووڵاتییان تەنیا یەکجار پێویستیان بە ئینتەرنێتە بۆ دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکە و نەخشەکان، دواتر دەتوانن بە تەواوی بەبێ ئینتەرنێت بەکاری بهێنن، ئەمەش سوودی زۆری هەیە بۆ ئەو کەسانەی لە بازاڕ و دەرەوەن و ئینتەرنێتیان نییە.
لەبارەی پێشوازیی خەڵک لە پڕۆژەکەی نەیشاردەوە پێشوازییەکە لە سەرووی چاوەڕوانییەکانی ئەوەوە بووە، گوتیشی: "سەرەتا پڕۆژەکەم دروستکرد تەنیا مەبەستم خزمەتکردن بوو و پێموابوو لە ساڵێکدا رەنگە 500 کەس دایبەزێنێت، بەڵام تەنیا لە رۆژی یەکەمدا 1500 کەس و لە ماوەی هەشت رۆژیشدا نزیکەی 7500 کەس ئەپڵیکەیشنەکەیان دابەزاندووە."
لە ئێستادا ئەپڵیکەیشنی سولی پاس تەنیا بۆ سیستەمی ئەندرۆید بەردەستە، بەڵام بەکارهێنەرانی ئایفۆنیش دەتوانن لە رێگەی وێبسایتەوە هەمان خزمەتگوزاری بەکاربهێنن.
ئەو گەنجە داواکارە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت هاوکاریی بکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی فراوانتر بکات و رایگەیاند، ئەگەر حکوومەت هاوکار بێت دەتوانن ئەپڵیکەیشنەکە بۆ ئایفۆنیش بەردەست بکەن و نەخشەی شوێنە گشتییەکانی دیکەی وەک نەخۆشخانەکان و فەرمانگەکان بۆ ناوچەکانی دیکەش بۆ ئەپڵیکەیشنەکە زیاد بکەن.