کۆریای باکوور: بوونمان بە دەوڵەتێکی ئەتۆمی بڕیارێکی نەگەڕاوەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، کۆریای باکوور بە فەرمی رایگەیاند؛ پێگەی وڵاتەکەی وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بووەتە ئەمری واقع و گەڕانەوەی بۆ نییە. بەمەش بیۆنگیانگ سەرجەم داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ داماڵینی چەکە ئەتۆمییەکانی رەتکردەوە.

حکوومەتی کۆریای باکوور چەندین جار جەختی کردووەتەوە، دەستبەرداری جبەخانە ئەتۆمییەکەی نابێت، چونکە بە تاکە هۆکاری بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی دەزانێت. لەم چوارچێوەیەدا، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی رێبەری کۆریای باکوور، پێشتر رایگەیاندبوو، ئەم سیاسەتە هێڵێکە کە تێپەڕاندنی نییە.

ئەم هەڵوێستە توندەی بیۆنگیانگ دوای کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان کۆریای باشوور، ژاپۆن و ئەمریکا هات کە رۆژی هەینی لە تۆکیۆ بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا هەر سێ وڵات پابەندی خۆیان بە داماڵینی تەواوەتی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریا دووپات کردبووەوە.

گوتەبێژێکی حکوومەتی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "گوتاری بێ ناوەڕۆکی ئەمریکا و شوێنکەوتووانی دژی کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا، هەرگیز کار ناکاتە سەر پێگەی نەگۆڕی وڵاتەکەمان وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی." ئەو بەرپرسە گوتیشی: "پرسی داماڵینی چەک کارێکی یەکلاکراوەیە و قسەکردن لەسەری خەیاڵپڵاوی و نالۆژیکییە."

کۆریای باکوور فرۆشتنی سیستمە بەرگری و سەربازییەکانی واشنتن بە سیۆل و تۆکیۆ وەک پاساوێک بۆ بەردەوامبوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبینێت و دەڵێت: "ئەم چەکانە گەرەنتییەکی بەهێزن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."

لە دوای شکستی لووتکەی هانۆی لە ساڵی 2019 لە نێوان کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، کۆریای باکوور خێرایی بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیاد کردووە. گوتەبێژەکەی بیۆنگیانگ ئاماژەی بەوە کرد، چیتر کەس ناتوانێت داوای داماڵینی چەکی ئەتۆمی بکات، چونکە ئەو دەرفەتە لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بۆ هەمیشە لەدەست چووە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی کیم جۆنگ ئون لەگەڵ سەرۆکی چین و بەرپرسانی باڵای رووسیا، میدیا فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە هیچ کام لەو دیدارە دیپلۆماسییانەدا پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی باس نەکراوە.