سویسرا.. ریفراندۆم بۆ سنووردارکردنی کۆچبەری بەڕێوەدەچێت
دەنگدەرانی سویسرا بۆ دیاریکردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەیان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی کۆچبەری کە رەنگە لێکەوتەی هاوشێوەی "برێکزیت"ی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپا هەبێت.
ئەمرۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، دەنگدەرانی سویسرا دەنگ لەسەر پێشنیازێک دەدەن کە ئامانجی دیاریکردنی سنوورێکە بۆ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە. ئەم ریفراندۆمە کە لایەنەکان بە هاوشێوەی پرۆسەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا (برێکزیت) وەسفی دەکەن، رەنگە کاریگەریی قووڵی لەسەر ئابووری و پەیوەندییەکانی بێرن لەگەڵ ئەوروپا هەبێت.
ئەو هەموارە دەستوورییەی کە لەلایەن پارتی گەلی سویسراوە پێشکەش کراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ژمارەی دانیشتووان تا ساڵی 2050 لە 10 ملیۆن کەس تێنەپەڕێت. ئەمەش لە سۆنگەی نیگەرانییەکانە لە زیادبوونی کۆچبەری و دروستبوونی گوشار لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەرتی نیشتەجێبوون.
پێشبینییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سویسرا لە سەرەتای ساڵانی 2040 دەگاتە ئەو ژمارەیە. ئەم پێشنیازە بێپێشینەیە لە کاتێکدایە کە راسترەوەکانی ئەوروپا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ سەپاندنی رێکاری توندتر دژ بە کۆچبەری، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و لاوازیی گەشەی ئابووری و زیادبوونی رێژەی تاوان.
هیلین جۆلی، تەمەن 58 ساڵ، کە ژنێکی خەڵکی زوریخە و بە رەچەڵەک کینییە، پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیازەکە دەربڕیوە و دەڵێت: "ئەگەر ژمارەکە لە 10 ملیۆن کەس تێپەڕێت، دۆخەکە قورس دەبێت، بۆیە پێویستە کۆچبەری سنووردار بکرێت".
چاوەروان دەکرێت ئەنجامە سەرەتاییەکانی دەنگدانەکە لە کاژێر 10:00 بە کاتی گرینیتچ دەست بە دەرکەوتن بکەن. ئەگەر پێشنیازەکە پەسند بکرێت، سویسرا ناچار دەبێت رێککەوتنی هاتووچۆی ئازادی هێزی کار لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەڵبوەشێنێتەوە، کە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بەشێکی گەورەی هێزی کاری ئەو وڵاتە شاخاوییە دابین دەکەن.
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی سویسرا زیاتر لە 9 ملیۆن کەسە و راپرسییەکانیش ئاماژە بە دابەشبوونێکی توندی رای شەقامی سویسری دەدەن. دواین راپرسی کە لەم مانگەدا ئەنجامدراوە، پاشەکشەی لە رێژەی پشتگیریکردن لە پێشنیازەکە نیشان داوە، دوای ئەوەی لە راپرسییەکانی پێشتردا ئەگەری تێپەڕاندنی زیاتر بوو.