ژاپۆن شاندێک بۆ دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکان دەنێرێتە گرینلاند
رۆژنامەی "نیکی" بڵاویکردەوە، حکوومەتی ژاپۆن پلانی داناوە لە هاوینی ئەمساڵدا شاندێکی باڵا رەوانەی دوورگەی گرینلاند بکات بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکان لەو ناوچەیەدا.
شاندەکە بەرپرسانی وەزارەتی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و چەندین کۆمپانیای گەورەی بازرگانی و رێکخراوی نیشتمانی بۆ ئاسایشی وزە و کانزاکانی ژاپۆن لەخۆدەگرێت، کە بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ناوخۆیی گرینلاند کۆببنەوە و گفتوگۆ دەربارەی پڕۆژەکانی دەرهێنانی کانزا بکەن.
ئەم هەنگاوەی ژاپۆن لە کاتێکدایە کە گرینلاند بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و هەبوونی یەدەگێکی زۆر لە کانزا دەگمەنەکان، سەرنجی وڵاتە زلهێزەکانی بۆ خۆی راکێشاوە، پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی کڕینەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگەیە دەکات، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لای وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەوروپا. هەرچەندە لەو کاتەوە دۆسیەکە بەرەو رێڕەوی دیپلۆماسی رۆیشتووە، بەڵام بەرپرسانی دانیمارک و گرینلاند هۆشدارییان دایە واشنتن و جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەری خاکەکەیان کردەوە.
گرینلاند کە بەشێکە لە دانیمارک، لە ئێستا وەک یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان بۆ دابینکردنی ئەو ماددە خاوانە سەیر دەکرێت کە لە پیشەسازییە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکاندا بەکاردێن، هەر بۆیە ژاپۆن دەیەوێت لە رێگەی ئەم سەردانەوە پێگەی خۆی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی ئەو سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندانە بەهێز بکات.