عەلی زەیدی بۆ تاوتوێکردنی پرسە ئابووری و ئەمنییەکان سەردانی واشنتن دەکات
ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا دەستیان پێ کردووە و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی داهاتوودا بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا پرسی تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکوومەتی عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن، تاوتوێکردنی دۆسیەی ئابووری دەبێت، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دەکرێت، کە بوارەکانی ئەمنی، کۆنترۆڵکردنی چەک و چەندین پرسی دیکە لەخۆ دەگرێت."
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندەکەی عەلی زەیدی تەنها بەرپرسانی حکوومی نابن، بەڵکو ژمارەیەک وەبەرهێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان یاوەری دەکەن بۆ بەشداری لە کۆبوونەوە و دیدارە ئابوورییەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، پرسی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت پێش ئەنجامدانی سەردانەکە، بووەتە جێی مشتومڕی ناوەندە سیاسییەکان، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: پەرلەمان هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە بۆ پەسندکردنی وەزیرە ماوەکان، تاوەکو پێش سەردانەکەی واشنتن کابینەکە بەتەواوەتی یەکلایی بکرێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، عەقیل ردەینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ ئاماژەی بەوە کرد، لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات.
بەڵام لە بەرانبەردا، دوو سەرچاوە لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان24 بوونی ناکۆکییەکانیان پشتڕاست کردەوە و رایانگەیاند: "هیچ لێکتێگەیشتنێکی فەرمی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە و هیچ وادەیەکیش دیاری نەکراوە، چونکە پەرلەمان لە پشووی یاسادانان دایە." هەروەها جەختیان کردەوە کە مەرج نییە پێش سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا، پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت کۆتایی بێت.