ئیسرائیل پێش بۆردوومانکردنی بەیرووت ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل، کەمێک پێش وەشاندنی گورزە ئاسمانییەکانی بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای (CENTCOM) لە بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە. ئەم هێرشانە بە رێنمایی راستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ و ئیسرائیل کاتز وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ئەنجام دراون.

یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل کەمێک پێش وەشاندنی گورزە ئاسمانییەکانی بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای (CENTCOM) لە بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە. ئەم هێرشانەش دوای ئەوە دێن کە حزبوڵڵا بە چەند درۆنێک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، بە رێنمایی راستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، هێرشیان کردووەتە سەر چەند ژێرخانێکی حزبوڵڵا لە زاحیەی باشووری بەیرووت. ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە بە وردی ئەنجامدراوە و وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو تەقە و هێرشانەی لەلایەن حزبوڵڵاوە کراونەتە سەر ئیسرائیل.

بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، سێ درۆن لە لوبنانەوە رەوانە کراون، کە دووانیان لە باکووری ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانییان هەبێت. ناتانیاهۆ و کاتز پێشتر هۆشدارییان دابوو کە بەرامبەر هیچ هێرشێکی حزبوڵڵا بێدەنگ نابن و ئەگەر ناوچە مەدەنییەکانی باکوور بکرێنە ئامانج، ئەوا زاحیەی بەیرووت بۆردوومان دەکەن.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئەم بڕیارەی ئەوان بۆ بۆردوومانکردنی زاحیەی بەیرووت لە ئەگەری هێرشەکانی حزبوڵڵا، هەڵوێستێکە کە واشنتن پشتگیری لێ دەکات و هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا هەبووە پێش جێبەجێکردنی.