ترەمپ: رەنگە چەند کاتژمێرێکی دیکە رێککەوتنەکەمان واژۆ بکرێت

سەرۆکی ئەمریکا بە زمانێکی توند رەخنەی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند کە هێرشەکەی سەر بەیرووت کارێکی "شێتانە" بووە و واژۆکردنی رێککەوتنی مێژوویی نێوان واشنتن و تارانی دواخستووە. ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بەوەی ناتانیاهۆ عەقڵی سیاسی نییە، داوای لە ئیسرائیل و ئێران کرد دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشەکان رابگرن

یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە قسەکانیدا بۆ "ئەکسیۆس" بە زمانێکی زۆر توند رەخنەی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و گوتی: "بۆچی ناتانیاهۆ پێویستی بەو هێرشە هەبوو؟ من زۆر تووڕە بووم و ئەوەشم پێ راگەیاند." ترەمپ جەختی کردەوە، ناتانیاهۆ "هیچ جۆرە لۆژیک و عەقڵێکی سیاسی نییە" و ئەو پەیامەشی بە راشکاوی پێ گەیاندووە کە زۆر ناڕازییە لە هێرشەکەی سەر بەیرووت.

سەبارەت بە رێککەوتنەکە، ترەمپ ئاشکرای کرد: "بڕیاربوو بەیانی ئەمڕۆ رێککەوتنەکە واژۆ بکەین، بەڵام هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دوای خست." سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند، پێشبینی دەکات هەر ئەمڕۆ و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پرۆسەی واژۆکردنی رێککەوتنەکە ئەنجام بدرێت.

ترەمپ گوتیشی: هەرچەندە حزبوڵڵا سەرەتا هێرشی کردووە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بۆیە نەدەبوو ناتانیاهۆ بەو شێوەیە رێککەوتنەکە بخاتە مەترسییەوە. بە گوتەی ترەمپ، ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە، چونکە رێگری لە ئێران دەکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و رێگە بە پشکنینی کتوپڕی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەدات.

سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بەیرووت، ترەمپ جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە هێشتا لەسەر رێڕەوی خۆیەتی و چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ واژۆ بکرێت، ئەمەش وەک هەوڵێکی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان واشنتن و تاران.

هەروەها تری ئینگست، پەیامنێری "فۆکس نیوز" رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پێی وایە لە ماوەی 2 بۆ 3 کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت. ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنیامین ناتانیاهۆی گوتووە: "ئەوە چی کارێکی شێتانەیە دەکەیت؟" و داوای لێکردووە دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان رابگرێت، چونکە ئەو هێرشانە کاریگەری خراپ دەخەنە سەر رەوتی رێککەوتنەکە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە داوا لە ئێرانیش دەکات وەڵامی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل نەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئەگەریی ئێران.

ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە ناتانیاهۆ نابێت هیچ هێرشێکی دیکە ئەنجام بدات تاوەکو رێگری لە گەیشتن بەم رێککەوتنە نەکرێت کە بڕیارە هەر ئەمشەو کۆتایی پێ بهێنرێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە هەردوولا دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.